هەرێم نیوز
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە راپۆرتێکدا تیشکی خستتوەتە سەر ناوچەی سێگۆشەی سنووری نێوان عێراق و سوریا و ئوردن کە گرژییەکان تێیدا پەرەی سەندووە، بەتایبەتی لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە کەرتی غەززە لە ٧ی ئۆکتۆبەردا و بە بەرمیلێکی باروت و تەقەمەنی وەسفی دەکات کە هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییە لە نێوان ئێران و ئەمریکا.
رۆژنامە بەریتانییەکە کە دەستەواژەی "کەنداوی نوێ" ی بەکارهێناوە، دەڵێت، لە ناوچەی سێگۆشە سنورییەکە هێزەکانی ئەمریکا و پاشماوەکانی داعش چالاکن، جگە لە میلیشیاکانی پەیوەست بە ئێران، بەو پێیەی ئەو چەکدارانەی کە تاران پشتیوانیان لێدەکەن خاڵی پشکنینیان کۆنترۆڵ کردووە و بنکەی خۆیان بەدرێژایی ڕێگای خێرای نێوان بەغدا و دیمەشق بۆ ماوەیەکی زۆر جێگیر کردووە، کە بووەتە ناوەندی تۆڕێکی قاچاخی لە سێ سنورەکە، بۆ قاچاخکردنی مادەی هۆشبەر و چەک بەکاردێت.
ناوچەی نێوان ئوردن و سوریا و عێراق بووەتە دوایین خاڵی گەرم لە بەرفراوانبوونی ئاڵۆزییە ناوچەییەکان کە ئەمریکای گەڕاندووەتەوە بۆ ناو شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دواین پێشهاتیشدا هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی بچووکی ئەمریکی، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئوردن، ناسراو بە “ تاوەری ٢٢”، لە ئەنجامدا ٣ سەربازی ئەمریکی کوژران و دەیان سەربازی دیکەش برینداربوون، کە ئەمەش یەکەم هێرشە لە جۆری خۆیدا بۆ کوشتنی سەربازانی ئەمریکی لە دوای دەستپێکردنی شەڕ لە غەززە.
ڕۆژنامە بەریتانییەکە لە زاری دیپلۆماتکارێکی باڵای ڕۆژئاواییەوە نووسیویەتی: "ماوەیەکی زۆر ئەو ناوچەیە ببوە عەمارێکی تەقەمەنی، هەمیشە لە خەمی ئەوەدا بووین کە هێزە ئەمریکی و ئێرانییەکان لەوێ راستەوخۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی یەکدی ببنەوە، جا بە ڕێکەوت یان پلان بۆ داڕێژراو بێت".
ئەم نیگەرانییە بەهۆی هێرشی بنکەی “تاوەر ٢٢”ەوە زیاتر بوو، لەکاتێکدا واشنتۆن “گرووپە چەکدارە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن” بە هۆکاری هێرشەکە زانی و بەڵێنیدا تۆڵە لە بکەرانی هێرشەکە بکاتەوە.
هەروەها رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، هێرشەکە جەختی لەسەر هەڕەشەی چەکدارانی سەر بە ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئاڵنگارێ بەردەم جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا کردەوە کە هەوڵدەدات ڕووبەڕووی هێرشەکانیان ببێتەوە و لە هەمان کاتدا خۆی لە شەڕێکی هەمەلایەنەی ناوچەیی دەپارێزێت.
ئەمریکا بە نزیکەی سێ هەزار سەربازی لە سەرانسەری ئوردن هاوپەیمانێکی کۆنەی ئەو وڵاتەیە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا لە ئێستادا لە ئاستێکی لاوازدان لە عێراق و سوریا، کە لەلایەن هێزە دوژمنکارەکانەوە گەمارۆدراون، بەپێی ڕۆژنامە بەریتانیەکە.
سوپای ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانییەی کە سەرکردایەتی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، 2500 سەرباز لە عێراق و 900 سەربازی دیکە لە سووریان ، کە زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتن کە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانە.