دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24/01/2024

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم:پەکەکە بەمووشەک هێرشیکردووەتە سەر هێزێکی زێرەڤانی

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنداوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەڵێت، "چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 24-01-2024، بە دەیان کیلۆمەتر دووری لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە." 

بەوتەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، "دواتر چەکدارانی پەکەکە بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە."

لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا ئەوەش هاتووە، "ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە کە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت و بەداخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان."

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی چەواشەکاری و هەوڵە تێکدەرانەیەکانی پەکەکە.

میدیای سەر بە پەکەکە لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا وایان بڵاوکردۆتەوە، کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە لە دەڤەری ئامێدی هێرشیان کراوەتە سەر.

لێرەدا بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان لە سەرانسەری جیهان ڕووندەکەینەوە، کە چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمرۆ رێکەوتی ٢٤/١/٢٠٢٤ بە دەیان کیلومەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە. 

ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە کە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم ئەنجام دەدرێت و بە داخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

هەرێمی کوردستان نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێیە ناوچەییەکان و پاڵپشتی هەموو هەوڵ و رێکارێکی ئاشتیانەش دەبین لە پێناو چارەسەریی کێشەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئارامی، بەڵام مافی بەرگریکردن بۆ هێزەکانمان پارێزراوە و  بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا فەرمییەکانی بکاتە ئامانج.

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP