دواین هەواڵ

ئابوری‌

 14/01/2024

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: یەکەکانی نیشتەجێبون بەسەر کەسانی شایستە دابەش دەکرێن

هەرێم نیوز

دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند: لە ماوەی چوار ساڵی رابردو سەرەڕای قەیرانەکان زیاتر لە (440) پڕۆژەیان بەئەنجام گەیاندوەو دەشڵیت: ئەگەر قەیرانی دارایی دروست نەبێت لەمسالدا رێگای دەربەندیخان-کەلار تەواو دەکەن.

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەمیانی بەڕێوەچونی رێورەسمی سیمپۆزیۆمی تەکنەلۆجیای نوێی بواری رێگاوبان لەزانکۆی سلێمانی، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ ئەم سیمپۆزیۆمەی ئەمڕۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە شێوازو تەکنەلۆژیای نوێ بۆ دروستکردنی رێگاوبان و تەکنەلۆژیای نوێی چاککردنەوەی رێگاوبانەکان، چونکە کە رێگاوبان دروست دەکرێت دەبێت بەردەوام ساڵانە پلانی چاککردنەوەت هەبێت.

سەبارەت بە یەکەکانی نیشتەجێبونیش ئەوەی خستەڕو؛ پڕکردنەوەی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبون تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و دواتر لەلایەن لیژنەیەکەوە خاڵبەندی بۆ فۆرمەکان دەکرێت و ئەو نۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبونەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دابەش دەکرێت بەسەر ئەو کەسانەی کە شایستەن بەپێی یاسای نیشتەجێون.

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەکرد: سەرەڕای قەیرانە داراییەکان کارکردن لە پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردەوام بوەو وتی: "لەماوەی چوار ساڵی رابردودا زیاتر لە (440) پڕۆژەمان بەگوژمەی زیاتر لە 900 ملیار دینار تەواوکردوە، کە بەرهەمی ئەمە 1300کم رێگاوبانی نوێمان خستوەتە خزمەتی هاوڵاتیان، جگەلەوەش چوار بەڕێوەبەرایەتی نوێمان دروستکردوە بۆ چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانەکان و خزمەتی هاوڵاتیان".

سەبارەت بە رێگای نێوان دەربەندیخان- کەلار، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وتی: لەماوەی ساڵی پێشوتر و پێش دەستبەکاربونی ئێمە ئەو رێگایە تەنها لە 15٪ی جێبەجێ کرابو، بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربونی ئێمەداو سەرەڕای قەیرانە داراییەکان رێژەی جێبەجێکردنمان گەیاندوەتە 65٪، ئەگەر گرفتی داراییش دروست نەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو رێگایە تەواو دەکەین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP