دواین هەواڵ

وەرزش‌

 06/01/2024

ڕیاڵ مەدرید هۆشداری داوەتە کیلیان مباپی

هەرێم نیوز 

کیلیان مباپێی فەرەنسی ئەگەر پەیوەندی بە یانەی ڕیال مەدریدەوە بکات، لە جود بێلینگهام داهاتی زیاتری پێ نادرێت

 گفتوگۆی پەیوەندیکردنی مباپێ بۆ یانەی ڕیال مەدرید جارێکی دیکە بووەتە بابەتی گەرمی ڕۆژانەی میدیا کانی ئەوروپا ،دوای ئەوەی لە شەش مانگی کۆتایی گرێبەستەکەیدایە لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان.

 تا ئێستا نازانرێت بڕیاری کۆتایی ئەو یاریزانە بۆ وەرزی داهاتوو چییە و ئایا بەنیازە ئەو ئۆفەرە زەبەلاحەی پاریس سانجێرمان بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستێکی نوێ قبوڵ بکات یان بەدیهێنانی خەونی منداڵی هەڵدەبژێرێت کە لەبەرکردنی درێسی یانەی ڕیال مەدریدە.

 بەڵام کێشەکە لەوەدایە، ئیدی کارگێڕی یانەی مێرنگی ئامادە نین وەک دوو ساڵ لەمەوبەر کاتیان بەم ئەستێرە فەرەنسییە خەرج بکەن، هەروەها پێیان وتووە کە پێویستە بە زووترین کات بڕیارێک بدات سەبارەت بە پەیوەندیکردن بە یانەکەیانەوە یان بەردەوامبوون لە خولی فەرەنسی.

 جۆزێپ پێدرێرۆل، پێشکەشکاری بەناوبانگی ئیسپانی، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندکە یانەی ڕیال مەدرید مباپێی ئاگادار کردەوە ئەگەر پەیوەندی بە یانەکەیانەوە بکات، مووچەکەی لە مووچەی جود بێلینگهام زیاتر نابێت کە ئەستێرەی ئێستای تیپەکەیە.

 بێلینگهام هاوینی ڕابردوو پەیوەندی بە ڕیال مەدریدەوە کرد و بە خێرایی بوو بە ئەستێرەی یەکەمی یانەکە و ئێستاش بە گرانترین یاریزانی جیهان دادەنرێت  زۆرێک بە ڕکابەری سەرەکی دەزانن بۆ بردنەوەی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی لە ساڵانی داهاتوودا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP