هەرێم نیوز
پەرلەمانی دانیمارک هەموارێکی یاسایی پەسەند کرد کە بەپێی ئەوە سووتاندنی قورئان و کتێبە پیرۆزەکان لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەغە دەکات.
پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی "مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ ئەو دەقانەی گرنگی ئایینی بەرچاویان بۆ پێکهاتە ئایینییە دانپێدانراوەکان هەیە" بە 94 دەنگیبەڵێ بەرانبەر بە 77 دەنگی نەخێر لە پەرلەمانی 179 کورسییدا پەسەندکرا.
پێش بڕیارەکە سێ کاتژمێر گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان ئەندامانی پەرلەماندا بەڕێوەچوو و لە دانیشتنەکەدا ڕاسموس پالودان توندڕەوی دانیمارکی ئامادەبوو کە ساڵى ڕابردوو چەندین گردبوونەوەی بۆ سووتاندنی قورئان لە سوید ڕێکخست.
مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، حکومەتی دانیمارک یاسایەکی پێشنیارکرد کە "مامەڵەی نەگونجاو لەگەڵ کتێبە پیرۆزە ئاینییەکان لە شوێنە گشتییەکاندا" قەدەغە دەکات،ئەویش دوای ئەوەیگردبوونەوەکان بۆ سووتاندنی قورئان لە دانیمارک و سوید کاردانەوەی گەورەی سیاسیی و ئەمنیی لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.
هاوینی ڕابردوو خۆپیشاندەرانی توڕە هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا و سووتاندیان، ئەمەش لە وەڵامی دەسەڵاتدارانی سویدکە ڕێگەیان بە سیلوان مومیکای پەنابەری عێراقیداوە لەسەر خاکی ئەو وڵاتە قورئان بسوتێنێت.