دواین هەواڵ

جیهان‌

 08/12/2023

ئه‌ردۆگان: له‌گه‌ڵ پوتن به‌مه‌به‌ستی ناردنی غاز بۆ ئه‌وروپا رێكه‌وتوین

هەرێم نیوز

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیا ڕایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ڤلادمیر پوتن هاوتا ڕوسییه‌كه‌ی له‌سه‌ر پرسی دابینكردنی غازی ڕوسیا بۆ باڵكان و ئه‌وروپا له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌ی ناوه‌ندی غاز له‌ توركیا ڕێككه‌وتون.

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ یۆنان له‌ناو فڕۆكه‌كه‌دا به‌ ڕۆژنامه‌نوسانی ڕاگه‌یاند، "وه‌ك ده‌زانن ئێمه‌ بڕیارمانداوه‌ تراس (هه‌رێمێك له‌ توركیای ئه‌وروپا) بكه‌ینه‌ ناوه‌ندێك بۆ دابینكردنی غازی سروشتی له‌ ڕوسیاوه‌ بۆ باڵكان و ئه‌وروپا، ئێمه‌ ڕێككه‌وتوین له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ له‌گه‌ڵ ڤلادمیر پوتن سه‌رۆكی ڕوسیا".

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ڤلادمیر پوتن سه‌رۆكی ڕوسیا ڕایگه‌یاندبو، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا له‌ ئاستێكی باشدایه‌، له‌نێویاندا كه‌رتی وزه‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، مۆسكۆ له‌ بواری وزه‌دا هاوكاری چڕوپڕی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كات و وتی، "به‌ تایبه‌ت ئاماژه‌ بكه‌م كه‌ هاوكاریی ڕوسیا و توركیا له‌ بواری وزه‌دا هاوكارییه‌كی ستراتیژییه‌، ڕۆساتۆم به‌رده‌وامه‌ له‌ بنیاتنانی یه‌كه‌م وێستگه‌ی ئه‌تۆمی له‌ توركیا (ئاككویو)".

بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی ناوه‌ندێكی غاز له‌ توركیا بۆ یه‌كه‌مجار له‌لایه‌ن ڤلادمیر پوتن له‌ (تشرینی یه‌كه‌م/10)ی 2022 خرایه‌ڕو كاتێك پێشنیاری بۆ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان كرد، روسیا ناوه‌ندێكی غاز له‌ توركیا دابمه‌زرێنێت بۆ هه‌نارده‌كردنی غاز بۆ ئه‌وروپا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP