هەرێم نیوز
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوای کۆبونەوەکەیان داوایان لە سەرجەم وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی "ئۆپیک پڵەس" کرد، بەشداری رێککەوتنی گروپەکە بکەن بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئەوان پێیانوایه کە ئەوە لە بەرژەوەندی ئابوریدا جیهاندایه.
لە بەیاننامەکەی ڤلادیمێر پوتن و محەمەد بن سەلماندا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتوە، روسیا و سعودیە رێککەوتون "لەسەر گرنگی پتەوکردنی هاریکاری لە بواری نەوت و گازدا، لەوانەش دابینکردنی ئامێرەکان".
هەردو سەرکردە لە کۆبونەوەیەکدا کە رۆژی چوارشەممە لە سعودیه بەڕێوەچو، پرسی بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانیان لەسەر نرخی نەوت تاوتوێکرد.
ئاژانسی هەواڵی سعودیە (SPA)، رایگەیاندوە، شازادەی جێنشین "ستایشی هەماهەنگی هاوبەشی نێوان هەردو وڵاتی کردوە، کە یارمەتیدەر بوە بۆ لابردنی زۆرێک لە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین رایگەیاندوە، هاوکارییەکان لە چوارچێوەی "ئۆپێک پڵەس"دا بەردەوام دەبن، کە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و هاوپەیمانەکانی لە نێویاندا ڕوسیا لەخۆدەگرێت.
کۆبونەوەکە دوای دابەزینی نرخی نەوت هات، سەرەڕای بەڵێنی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی زیاتری دابینکردنی نەوت.
ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکس لە زاری پێسکۆڤەوە نوسیویەتی، "قسەمان لەسەر هاوکاری لە ئۆپێک پڵەس کرد، هەردولا هاوڕان لەسەر ئەوەی وڵاتەکانمان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لە ئەستۆدایە لە کارلێککردندا بۆ ئەوەی بازاڕی وزەی نێودەوڵەتی لە ئاستی گونجاودا بپارێزین لە دۆخێکی سەقامگیر و پێشبینیکراودا".