ئارام سدیق
نزیکی هەر ژانرێک لە ڕۆحی مرۆڤەوە پەیوەستە بەو بەرکەوتنانەی بەو ژانرە هەیەتی. کاتێ لەسەرەتای تەمەنی گەنجیمەوە بەر شیعر و چیرۆک دەکەوتم ئیدی ئەمانە بوونەتە خۆراکی ڕۆحم و نزیکترینیان شیعرە، چونکە زۆرتر لە چیرۆک بەری کەوتم. ئەوەی شیعر دەمداتێ پێناسە نەکراوە. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە هێندە فرەپێناسەیە، کە نازانم کام پێناسەیە دروستە، بۆیە هەر کام دابنێم غەدرێک لەم ژانرە دەکەم. بۆیە زۆرجار نەمتوانیوە ئەو بڵێم کە شیعر دەمداتێ. ئەمەش دەمانباتەوە بۆ پێناسەکردنی شیعر. ئەم ژانرە سرکە ناتوانرێت لە ژێر چەتری یەک پێناسە، یان چەند پێناسەیەکی دیاریکراودا قەتیس بکرێت، بەڵکو ئەوەی ئەم ژانرەی بە زیندوویی هێشتووەتەوە ئەو فرەپێناسەیی و سرکییەیە، کە ڕەنگە هەموو خوێنەرێک درک بەمە نەکات.
لە جێگەیەکی دیکەشدا نووسیومە کەم ڕۆژ هەیە شیعر نەخوێنمەوە، ئەمە وەکو سرووتی ڕۆحی ژیانی منی لێهاتووە. خۆ ئەگەر دەرفەتی خوێندنەوەیم نەبێت، ئەوا شیعرە ئەزبەرەکانم دەڵێمەوە تا ژیان وشکم نەکاتەوە. بۆیە بەم ڕۆحییەتەوە چاودێرێکی وردی شیعری کوردی و کتێبە وەرگێڕدراوە شیعرییەکان دەکەم و خوێنەری زۆرێکیانم، بەڵام چێژ لە هەموویان نابینم و کاتیش بە هەموو دەقێکی بەناو شیعرەوە ناکوژم، چونکە دوای ساڵانێکی زۆر لە هاونشینیم لەگەڵ شیعر دەزانم کێ شیعر دەنووسێت و کێی دیکەش وشە ڕیز دەکات و دەیەوێت بەناوی شیعرەوە بیداتە خوێنەر.
لەنێو ئەو کتێبە شیعرییە وەرگێڕدراوانەدا، لەم هەفتەیەدا کتێبی "ئەودیوی ڕووناکییەکان"م خوێندەوە، کە کۆمەڵە شیعرێکی چەند شاعیرێکی جیاوازە و مامۆستا "کەریم سۆفی" لە فارسییەوە کردوویەتی بە کوردی. بەڵام شیعرەکان هەموویان نووسەرانی فارس نین، بەڵکو شاعیرانی دیکەی جیهانیشی تێدان.
ئەم کتێبەم لە دوو پشووی دوای ماندووبووندا خوێندەوە، ئاسوودەییەکی گەلێک جوانی پێ بەخشیم. لە دڵەوە چەندینجار دەستخۆشیم بۆ وەرگێڕەکەی نارد. ئەوەی ئەو ویستوویەتی لە ئەودیوی ڕووناکییەکانە بە خوێنەری بگەیەنێت، گەیشت. من هەمیشە چاولەڕێی ئەو ڕووناکیانەم کە لە شیعرەوە دێن و بەوانە هەناسە دەدەم و دەمەوێت سەنگ و قورسی ژیان لەسەر دڵم کەمتر بێتەوە. بۆ ئەمەش هەر شیعرە فریام دەکەوێت.
وەرگێڕ (وەک خۆی لە پێشەکییەکەدا دەڵێت) پێشتر ئەم شیعرانەی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام هەمیشە گوتوومە شیعر بەتەنها و لەنێو ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا تەنها تاڵێکی ڕووناکییە، بەڵام کە دەچێتە نێو کتێبەوە دەبێتە گورزێک لە ڕووناکی و دەقەکان ناونشینی یەکتری دەبن و هێز لە یەکتریی وەردەگرن و پێکەوە سەرزەمینێکی دیکە دەخولقێنن، کە بەتەنها توانای ئەوەیان نییە. ئەم شیعرانەش لەم کتێبەدا ئەگەرچی هیچ شاعیری جیا و سەرزەمینی جیان، بەڵام کۆکردنەوەیان لەم کتێبەدا مانای نوێیان وەرگرتووە و جۆرێک لە کۆبوون لەم کتێبەدا چەششنی گورزە ڕووناکییەکی هاوبەشی لێ کردوون، کە تەنها خوێنەرە ورد و بە سەرنجەکانی شیعر لێی تێدەگەن.
دەستخۆشی و ماندوو نەبوون و نرخاندنێکی زۆر بۆ مامۆستا کەریم سۆفی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە چاپدانی ئەم بەرهەمە. ئەمەش نموونەیەک لە شیعرێکی بیژەن جەلالی، کە لە کتێبەدا وەرگێڕدراوە:
من لە ڕێگەی شیعرەوە هاتوومەتە دنیا
لە ڕێگەی شیعرەوەش لە دنیا دەڕۆم
لە ڕێگەی شیعرەوەشە
کە بەرەو گوڵان و خەڵکی دەگەڕێمەوە
هەر وەک چۆن ڕووبار
لە پێگەی خۆیدا
بەرەو دەریا دەڕوات
منیش لە ڕێگەی شیعرەوەیە
کە بەرەو
هەمیشەیی دەڕۆم.