هەرێم نیوز
لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی 3ی12، پانزە مووشەکی 122 ملیمەتری لە خاکی عێراقەوە ئاڕاستەی بنکەی هێزەکانیان لە ناوچەی رومێلانی سووریا کراون، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددەی لێنەکەوتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە رێگەی درۆنەوە شوێنی هەڵدانی مووشەکەکانیان دیاریکردووە و بۆ بەرپرسانی عێراقییان ناردووە تا لێکۆڵینەوەی لێ بکەن.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا راشیگەیاند لەو شوێنەی هێرشەکەی سەر رومێلان ئەنجامدراوە، تانکەرێکی پڕ لە سووتەمەنی درۆزراوەتەوە کە ئامادەکراوە بۆ هەڵدانی 20 مووشەکی دیکە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی یەکشەممە، 3ی 12ی 2023, هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی فڕۆکە بنکەیەکی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری شارۆچکەی دووبزی سەر بە شاری کەرکووک کردە ئامانج، بەگوێرەی زانیارییەکان ئەو بۆردومانەی هێزەکانی ئەمەریکا لەکاتێکدا بووە هێزە چەکدارەکان سەرقاڵی ئامادەکاری بوون بۆ هێرشی درۆنی.