دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 29/11/2023

سۆشیالمیدیا و کاریگەریی لەسەر بەرهەمهێنانی هاوسەرگیریی ساختە

سرووە جەوهەر

ئەو ژن و پیاوانەی کە بە بەردەوامی وێنەی هاوسەرەکانیان لە باوەشیاندایە و لە سۆشیاڵ میدیا نمایشی دەکەن، وا وێنای دەکەن، خۆشەویستی و پەیوەستبونیان لە ترۆپکدایە، بەجۆرێک ئاوێتەی ڕوح و هەستەکانی یەکتر بوون، شێوەی خۆیانمان نیشان دەدەن کە لە ڕواڵەتدا لە عەشقێکی ڕاستەقینە دەچێت.

سوپاس و ستایشی خوادا دەکەن کە قەدەریانی بە یەکەوە کۆ کردونەتەوە. دەشڵێن گەیشتوین بە پاڵەوانی خەونەکانمان. کتومت ئەوکەسەیە کە وێڵی بوون، گەڕاون شاراو شار تا لەناو هەزاران دەست نیشانیکردوە، وێنایەک لە خۆشەویستی هەتا هەتایی نیشانی هەمووان دەدەن. بەشێکیان لە کەمترین ماوە هەر خۆیان لە سۆشیاڵ میدیا ڕایدەگەیەنن، نەگونجاون و جیابونەتەوە، ماسکە ساختەکە دەکەوێت. بەشەکەی تریشیان درێژە بەو سیناریۆ دەدەن، خۆیان دەخەڵەتێنن و دوروبەرشیان چەواشە دەکەن.

خۆشەویستی ساختە ناتوانی درێژەی پێ بدرێت، مەودا کورتە.چونکە پاشەکەوتێکی ڕێز و خۆشەویستی بەهەند وەرگرتنی یەکتر لە نێوانیان نیە، تا چاوپۆشی لە کەموکورتی بکات و لێی ببورێت. دەربڕینی خۆشەویستی لە مینبەرە ئەلکترۆنیەکان و نمایشکردنی بۆ خەڵک، بۆ خۆهەڵکێشان و شاردنەوەی ناکۆکیەکان وعەیبەکانە، یان بەدەست هێنانی ئامانجی کورت مەودایە. دەنا ناکرێ و نابێ و ناشێ، تایبەتمەندی خێزان بۆ هەموان ئاوەڵا بکرێ.

بونی ناکۆکی وجیاوازی لە نێوان هاوسەران بەشێکە لە خێزانی تەندروست و ئاساییە. نائاسایی ئەوەیە، پێت وابێت کە نابێ کێشە لە خێزاندا هەبێت. لۆژیک ئەوەیە جیاوازی بیرکردنەوە بە دیالۆگ چارەسەری بکەیت، هاوسەنگی بیروبۆچونی هەردوولا بپارێزرێت. کاتێ ژن و پیاو وەک یەک بیریان کردەوە، وەک یەک ڕەفتاریان کرد، بێگومان یەکێکیان زیادەن، بونی ژن و پیاو بۆ سڕینەوەی یەکتر نین، بەڵکو بۆ تەواو کردنی یەکترن. یەکێک لە سەرمایەی خێزان کە بۆنی ئاسایش و بەختەوەری لێبێت هەڵکردنە لەگەڵ یەکتر، بەجۆرێک نەهێڵێت کێشەکان قوڵ ببنەوە و درێژە بکێشێت.
لە خێزانی ساختە، کێشەکان قوڵدەبنەوە و درێژە دەکێشێت، زمانێک بۆ لێتێگەیشتن نامێنێت. تێزێک لەنێو ئەو خێزانە ساختانە باوە، کە کاتێ پیاو لە ڕووی مادییەوە تەواو پارەدار دەبێت، پێی وایە ژنێک بەتەنها ناتوانێ پێویستیەکانی دابین بکات، بۆیە بیر لە ئەلتەرناتیڤی تر دەکاتەوە لەگەڵی ژنێکی تر دا.

بۆ ژنێیش کاتێ پارەدار دەبێت و سەربەخۆی ئابوری و کەسایەتی بە دەست دەهێنێ، پێی وایە پیاو لە چوارچێوەی خێزان لە ژیانی ئەو زیادەیە. بۆیە دەبینین خێزانی ئەلکترۆنی و سۆشیاڵ میدیا درێژە ناکێشێت، ماسکەکان هەر زوو ڕادەماڵدرێن. ناتوانن تا کۆتایی درێژە بەو پێکەوە بوونە ساختە و چەواشەکاریە بدەن، یان ژیان بۆ یەکتر پڕاوپڕ دەکەن لە خیانەت یان جەهەنەم لە سەر زەوی وەک ئەمری واقع بۆ یەکتر دەخوڵقێنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP