هەرێم نیوز
دادگای بەسرە سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر باسل عەباس، هاوژینی زەهرە حەمزە عەلی، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراقدا سەپاند.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای بەسرە، "بەهۆی ئەوەی کاتێک باسل عەباس بەڕێوەبەری بەشی دەرهێنانی ناوەندیی بووە لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە، پسووڵەی کۆمپانیاکەی ساختە کردووە و بۆ کۆمپانیاکانی ناردووە کە لە بەندەری بەسرە کار دەکەن".
ئەوەش هاتووە، باسل عەباس "بڕی 71 ملیۆن و 507 هەزار دیناری بردووە کە پارەی سزادانی کۆمپانیای گرین لاند بووە لەبەرامبەر دواکەوتنی ئەو کەلوپەلانەی گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە کردبوو بۆ رادەستکردنیان".
باسل پێشینەی هەبووە. بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک، رۆژی 03-07-2018، بە نووسراوی فەرمی باسل عەباس لە پۆستی بەڕێوەبەری بەشی بەدواداچوون لە دەستەی لێکۆڵینەوە و پلاندانان و بەدواداچوون لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە بەهۆی ساختەکاری و گەندەڵییەوە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.