دواین هەواڵ

جیهان‌

 26/11/2023

کەشتییەکى دیکەى ئیسرائیلیی دەستیبەسەردا گیرا

هەرێم نیوز

كەشتییەكی گواستنەوەی نەوت كە خاوەنەكەی ملیاردێرێكی ئیسرائیلییە، لەكاتی تێپەڕبوونی بە كەنداوی عەدەن لە یەمەن، لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە دەستی بەسەردا گیرا.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاوكراونەتەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە، كەشتییەكی گواستنەوەی نەوت بەناوی (سەنترال پارك)، لەكاتی تێپەڕبوونی بە كەنداوی عەدەن لە نزیك یەمەن، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە بە سواری دوو بەلەم كە جلوبەرگی سەربازییان لەبەربووە، پەلاماردراوەو دواتر دەستی بەسەردا گیراوە.

وەك میدیاكانی جیهان بڵاویانكردووەتەوە، كەشتییەكە لەلایەن ملیاردێرێكی ئیسرائیلییەوە خاوەندارییەتی دەكرێت و گومانیش دەكرێت چەكدارە پەلاماردەرەكان، سەر بە گروپی حوسییەكان بن، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر دەستیان بەسەر كەشتییەكی دیكەدا گرت بەبیانووی ئەوەی پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەیە.

تائێستا گروپی حوسییەكان بە فەرمی بەرپرسیارییەتی خۆیان لە دەستبەسەرداگرتنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكە رانەگەیاندووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP