فازڵ سوڵتانی
شوان ئەحمەد كردوویەتی بە كوردی
ئایا خوێندنەوەی كتێبی زۆر، دەتكاتە كەسێكی باشتر یاخود دەتكاتە كەسێكی زۆر داناتر؟
جۆن كیری مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە زانكۆی ئۆكسفۆرد، لە كتێبە نوێیەكەی (ژیان لە ئۆكسفۆرد لە گەڵ كتێب)دا، ئەو پرسیارە دەكات و وەڵامێكی بەجێش دەداتەوە: (بەڵێ و نەخێر). ئەڵبەت جۆن كیری لەو ئاستەدایە بڕیاربدات، چونكە بۆ ماوەی چل ساڵ خەریكی ڕانانی كتێب بووە، لە ڕۆژنامەی (سەندای تایمزی) بەریتانیدا. هاوكات دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ دیارترین شاعیرانی هاوسەردەمی خۆیدا كردووە، نمونەكانیان وەك: (و. ه. ئۆدن، ڕۆبەرت گریڤز، شیمۆس هێنی، فیلیپ لاركن).
لەگەڵ ئەوانەشدا، بۆخۆی خاوەنی كتێب گەلێكی زۆرە و ئەو كتێبانەش بونەتە مایەی ئەوەی، پێگەیەكی شایستەی لە ناوەندی ڕۆشنبیری بەریتانیادا پێبدرێت، بە تایبەتی كتێبەكەی: (ڕۆشنبیران و جەماوەر). با بگەڕێینەوە سەر (بەڵێ و نەخێر)ە كەی جۆن كیری. بێگومان كتێب هەمەچەشن و هەمەجۆرە. كتێب هەیە دەتباتە كەشكەڵانی فەلەكی مەعریفە و كتێبیش هەیە دەتكات بەقوڕا.
كتێب هەیە تا هەتایە وزەت پێدەبەخشێت. كتێبیش هەیە وەها دەتگوشێت، تا خوێن لە بەدەنتا نامێنێت. بەتایبەت گەر كەسێك بیت بەرگریت لاوازبێت. گەر مرۆڤ ناچاربوو لەو جۆرە كتێبانە بخوێنێتەوە – بە حكومی ئەوەی ڕەخنەگرە یان نوسەرە لە لاپەڕەی كولتووری ڕۆژنامەكەیدا -، ئەوا دەبێت بڵێین خوا فرسەتی بدات!
كتێبگەلێك هەن فلۆبێر بە (كتێبی مرۆڤایەتی) ناودێریان دەكات. ئەوە ئەو كتێبانەن كە دەسكاریمان دەكەن و سەرلەنوێ دروستمان دەكەنەوە. دەبنە باعیسی هێنانەئارای خودێكی دیكە و دروستكردنی خەسڵەتێكی تازە بۆمان. واتە دەبنە مامانی لەدایكبونەوەی دووەممان، وەك گۆتەی شاعیری ئەڵمانی دەڵێت. ئەو گۆتەیەی زۆرێك لە (كتێبی مرۆڤانە)ی بۆ بەجێهێشتین، بەتایبەت شاكاری (فاوست).
كتێبگەلێك هەن مرۆڤایەتی و كارەكتەری مرۆڤیان گۆڕیوە. هەر لە یەكەمین داستانەوە (گەلگامێش)، بۆ (ئەلیادە) و بۆ (دۆنكیشۆت) و بۆ كتێبە مەزنەكانی ڕۆشنگەری كە بونە مایەی بەرپاكردنی شۆڕشی فەرەنسی، ئەوەش بووە مایەی هاتنەئارای دنیای مۆدێرن. تا دەگاتە بەرهەمەكانی شارل بۆدلێر و لیۆ تۆلستۆی و دیستۆڤیسكی و چەندین نوسەری دیكەی وەك ئەوانەی ستیڤان زڤایچ بە (بونیادنەرانی جیهان) ناوزەدیان دەكات، لە كتێبێكیدا كە هەر بەو ناوەوەیە و خوالێخۆشبوو (نەجیب ئەلمانع) لە سەرەتاكانی ساڵانی حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا، وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا (كتێبە مەترسیدارە)كانیش هەن كە ڕەنگە، بۆ هەتا هەتایە ڕەوانەی شێتخانەكانمان بكەن.
ئەنتۆن چیخەف (كە ئەویش لە پێڕی بونیادنەرانی جیهانە)، سەروەختێك گەنج بووە نەیوێراوە كتێبەكانی دیستۆڤیسكی بخوێنێتەوە. لە یەكێك لەو چاوپێكەوتنانەی لەگەڵیدا كراوە، باس لەوەدەكات كە دوای تەمەنی چل ساڵی توانیویەتی (تاوان و سزا و برایانی كارامازۆف و شەیتانەكان)، بخوێنێتەوە و هەندێك كاریگەریان لەسەری جێهێشتوە.
زیگمۆند فرۆیدیش دوای خوێندنەوەی دیستۆڤیسكی، ئاسۆی بیركردنەوەی فراوانتر دەبێت و دەرونناسی شیكاری دادەمەزرێنێت. ئەویندارانیش دوای خوێندنەوەی (ئازارەکانی ڤارتەر)ی شاعیری گەورەی ئەڵمانیا (یۆهان گۆتە)، عاشقتر دەبن. بەڵام ئەوانەشی دوای خوێندنەوەی ئەو كتێبەی خۆیان كوشت، ژمارەیان كەم نەبوو!
مەترسی ئەو كتێبانە لەوێوە سەرچاوەدەگرن كە بە ڕاستگۆییەكی زۆرەوە جیهانمان بەردەست دەخەن، جیهان بە هەموو دزێوی و دوڕویی و ئاڵۆزی و پێچوپەناكانیەوە. سەرەنجامەكەشی دەكەوێتە سەرئەوەی، چەند لە ناوەوە قایم و تۆكمەین: (یان داناتر دەبین یاخود دەبینە دێوانە). بەڵام بیریشمان نەچێت، كتێبە خراپەكانیش زۆرن.
شۆپنهاوەر دەیوت: (تەنها بە خوێندنەوەی دە لاپەڕە لە هەر كتێبێك، دەتوانم بڕیاری بەسەردا بدەم كە باشە یان خراپە). بەڵام ئاخر خوێنەران هەموویان وەك شۆپنهاوەر نین. ڕەنگە مرۆڤ ساڵانێكی زۆر بەهەدەر بدات (بە تایبەت لە سەرەتای دەستپێكردنی)، لە خوێندنەوەی كتێبە خراپەكاندا، تا دەگاتە كتێبە مەزنەكان. كەمن ئەو خۆشبەختانەی هەر لە سەرەتاوە بۆ خوێندنەوە، چاوساغ و ڕێبەرێك دەدۆزنەوە.
گرنگی كتێبێكی وەك ئەوەی جۆن كیری، لێرەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو پیاوەی دوای وازهێنانی لە كارەكەی، ڕوی لە ناوچەیەكی هێمن و ئارامی ئۆكسفۆرد كرد، بۆ خاتری ئەوەی زیاتر و زۆرتر بخوێنێتەوە (وەك ئەوەی خۆی لە كتێبەكەیدا باسی دەكات). بەر لەویش نوسەری ئەرژەنتینی (ئەلبرتۆ مانگوێل)ی خاوەنی (ڕۆژانەی خوێندنەوە و مێژووی خوێندنەوە) كە وەك ئەو پەرۆشی خوێندنەوەیە، هەمان شتیكرد.
ئەو كتێبانە دروێنەی تەمەنێكن لە خوێندنەوەی جدی و دەتوانن ساڵانێكی زۆری گەڕان و سۆراخكردن بۆ نەوەیەك كورتبكەنەوە كە لە سەردەمی (كتێبی زۆر و بێشومار)دا دەژین، بەڵام زۆربەی زۆری ئەو كتێبانە دەچنە لیستی كتێبە خراپەكانەوە.
بەداخەوە بە زمانی عەرەبی لە جۆری ئەو كتێبانەمان نییە، بەدەر لە كتێبی (گومڕایی ڕیشۆڵەی سپی)ی خوالێخۆشبوو محەمەد شوكری. شوكری لەو كتێبەدا باس لەسەفەرە ئەفسوناویەكانی خۆی لەگەڵ كتێبدا دەكات، لەو كاتەوەی كە لە تەمەنی بیست ساڵیەوە، ئاشنایەتی لەگەڵ پیت و وشەدا پەیدا دەكات و فێری نوسین و خوێندنەوە دەبێت.