ناسك واحید
ئەگەر قسەکەری نەزان و سیاسییەکان و ووتاربێژی ڕقاوی کێشە دروست نەکەن ،میللەتی کورد پێکەوە تەباو گونجاون ، تۆ کە بە شەقامێکی شاردا گوزەر دەکەیت ،بە نمونە شەقامی مەولەوی و سالم و....هتد لەیەک شوێنداو لە یەک کاتدا دەیان هاوڵاتی دەبینی کەهەر یەکەو ڕەنگ و جۆرێکەو لە یەک کاتدا خانمێک دەبینی حیجاب و خانمێکی تر بێ حیجاب ،پیاوێکی ڕیشدارو پیاوێکی بێ ڕیش بەهەمان شەقامدا تێدەپەڕن و کەسیشیان بێ ڕێزی بەوی دیکە ناکات ، چەندەها فرۆشیارو کڕیاری فیکر جیاواز ڕۆژانە پێکەوە بەڕێزەوە مامەڵە دەکەن ،لە فیستیڤاڵێکی ساڵانەدا سەدان مرۆڤ بەفیکرو ڕەنگی جیاواز بەر مامەڵەی یەک دەکەون و بە تەنیشتی یەکتردا تێدەپەڕن و هیچ شەڕو سوکایەتییەک ڕونادات ،
من بیرمەو ئێوەش بیرتانە ئەو ساڵەی کە لە شەوێکداو لە سەهۆڵەکەی سلێمانی کچ و کوڕێک سەمایان کرد ،هیچ کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆی خراپ ڕووی نەداو میوان و پیادەڕەوی ئەو شەقامە تەماشاکەریان بوون و ئاسایی وەریان گرت ،ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە بەو ڕادەش شەڕەنگێز نییە کە زۆرجار پێناسەی بۆ دەکرێت ، زۆرینەی کاردانەوە خراپەکان ڕاستەوخۆ نین ،بەڵکو بەهۆی هەندێ قسەکەری بەرژەوەندخوازو سیاسی هەلپەرست کە لێدوانی دژە قبوڵکردن لەسەر شتەکان ئەدەن ،خەڵک لە سۆشیال میدیا ئەکەنە دوو بەرەی دژ بە یەک و جنێودەر ،،
جارێک لە شوێنێکی گشتی کە خۆم و منداڵەکەم بووین ،توشی شتێک بووین پێویستم بە کەمێک یارمەتی بوو ،کوڕێک کە بە سیمایدا دیاربوو هەڵگری فیکری سەلەفییە زۆرترین یارمەتیدام ،لەکاتێکدا من خانمێکی حیجاب نیم و سیمایەکی ئاینیم نییە ،دەی ڕەنگە هەر ئەو کوڕە بەڕێزە کە لە دەرەوە جیاوازیمی قبوڵکردو ئامادەبوو هاوکارمبێت ،لە سۆشیال میدیا ئاڕاستە بکرێت و جیاوازی من قبوڵ نەکات و کۆمێنتی نەشیاو بنوسێت ،خۆی ئەمە جێی خۆشحاڵییە کە لە واقعدا جوانترین پێکەوە تا لە دنیای سۆشیال میدیا ،هیوادارم ئەو جوانییە بگوازرێتەوە بۆ ناو سۆشیال میدیاش ،ئێمە کە باخچەو شەقام و مۆڵ و بازاڕەکانی ووڵاتمان پڕە لە یەکتر قبوڵکردن بۆچی بەهۆی ئاڕاستەکردنی هەندێ قسەکەر لە سۆشیال میدیا ببین بە دوو بەرەی دژ بەیەک ،هەموان مرۆڤین و زۆریش ئاساییە لەیەکتر نەچین ،
تەنها شتێک کە ئاسایی نییە ئەوەیە هەمیشە هەوڵی ئەوە بدەین کە کاممان باشترینین ،هەموان باشترینن تا ئەو کاتەی کە لەبەرامبەر یەکتر هەوڵی سەلماندنی ئەمە بە ووشەی زبر نەدەین ،نەگونجانی فیکرمان پێکەوە ئاساییە ،تەنانەت ئاساییە حەز بە قسەکردن لەگەڵ یەکتر نەکەین ،بەڵام ئەوەی کە نائاساییە ڕق و هەڵڕشتنی سوکایەتییە.