هەرێم نیوز
دوای 9 کاتژمێر لە ئاگربەست، ئامادەکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد.
هەروەک میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند: سوپای وڵاتەکەیان وەک ھەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنییدا 39 فەڵەستینی زیندانیکراوی بۆ زیندانی عوفەری نزیک رامەڵە گواستەوە.
سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک بنکەی تەندروستیی ئامادەکردووە تا ئەو بارمتانەی رادەستی دەکرێنەوە دەستبەجێ پشکنینیان بۆ بکات و دواتر بۆ دیداری کەسوکارییان رەوانەی پێنج نەخۆشخانەی ئیسرائیلیان دەکات.
بەسەرپەرشتی مانگی سوری نێودەوڵەتی ئەمڕۆ هەینی، پرۆسەی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان ئەنجام دەدرێت و ئەمڕۆش لەبەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی، 39 دیلی فەڵەستینیش ئازاد دەکرێن و دەیانگێڕنەوە بۆ غەزە.
ئاگربەستەکەی ئیسرائیل و حەماس چوار رۆژ دەخایەنێت و لەو ماوەیەدا 50 بارمتەی ئیسرائیلیی و 150 بارمتەی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن.
لەهەمانکاتیشدا، سەرۆکوەزیرانی تایلاند رایگەیاند، حەماس 12 بارمتەی تایلاندیی ئازاد کردوون، کە ئەمەش بەشێک نییە لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئاڵوگۆڕی دیلەکان لەکاتێکدایە نزیکەی 50 رۆژ شەڕ و پێکدادانی بەردەوام لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامی ھەبوو، کاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆش بە کاتی غەززە، ماوەی ئاگربەستەکە کەوتەبواری جێبەجێکردنەوە.