هەرێم نیوز
مەسرور بارزانی لەگەڵ عەممار حەکیم کۆبووەوە و گوتی: ئەگەر نیازپاکی هەبێت، چارەسەرکردنی کێشەکان سەخت نییە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەمار حەکیم، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی حیکمە کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاریی و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پێویستیی و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە ئەگەر نیازپاکی هەبێت چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان سەخت نییە.
دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی و لە چوارچێوەی دەستووردا، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی حیکمە ئاماژەی بەوە دا کە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا، ڕۆڵێکی گرینگ و ئەرێنی لە ڕوونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدرال هەبوو.
وتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەهێزکردنی متمانە و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکان و دەستوور هەیە.