هەرێم نیوز
ئەمڕۆ یەک شەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەی هۆڵەکەی حەمدانییە، قوماشی روپۆشی بنمیچی هۆڵەکە بوە، هەوەرها بونی بڕێکی زۆری خواردنەوەی کحولی هۆکاری تەشەنەکردنی ئاگرەکەن، هۆڵەکە جێگای 500 کەس بوە، بەڵام 900 کەس ئامادەی ئاهەنگەکە بون.
لیوا کازم سەلمان بوهان، راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق لەو کۆنفرانسەدا رایگەیاند، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و پشکنینی هۆڵەکە دەرکەوتووە، رووداوەکە بەهۆی یاریە ئاگرینەکانەوە بووە.
ئەوەشی وت: ئاگرکەوتنەوەکە لە ئەنجامی یاریە ئاگرینەکان بووە و لە بنمیچی هۆڵەکە ماددەی ئەزبێز و ساندویچ پەناڵ و ماددەی پلاستیکی دیکە هەبووە، کە هەموو ئەوانە بەشێوەیەکی خێرا گڕدەگرن.
ئەوەشی خستەڕوو، لەو هۆڵەدا دەرگایەکی تایبەت بە کاتی رووداوەکان و دەرچوون بۆ دەرەوە نەبووە.
لەلایەکی دیکەوە فەریق کازم بورهان راوێژکاری وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ کاروباری تەکنیکی باسی لەوەکرد، ئاگرکەوتنەوە لە هێلی کارەبای هۆڵەکە دەستیپێکردوە، کوژانەوەی روناکی بوەتە هۆی ترسانی ئامادەبوانی ئاهەنگەکە و بەهۆیەوە رێگای چونە دەرەوە بە ئاسانی نەدۆزراوتەوە.
هەر لەو کۆنفرانسە عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، خاوەن هۆڵەکە لە دوای روداوی ئاگرکەوتنەوەکە تەواوی تۆماری کامێراکانی بردوە و هەڵهاتوە، دواتر لە هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و تۆماری کامێراکانیش دەستی بەسەردا گیراوە.
ئەوەشی خستەڕو، 900 کەس ئامادەی هۆڵەکەن بون، 107 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەرجەمیان وەک شەهید دەناسرێن، یاسای دامەزراوەی شەهیدان دەیانگرێتەوە، بریندارەکانیش لە ناوخۆ یان دەرەوەی عێراق چارەسەریان بۆ دەکرێت و پشتیوانی دارایشیان لێدەکرێت.
درەنگانی شهوی سێشەممە، 26ـی 9ی2023 له هۆڵێكی ئاههنگگێڕانی هاوسهرگیری له قهزای حهمدانییه، ئاگر كهوتهوه و بههۆیهوه زیاتر له 100 كهس گیانیان لهدهستدا و سەدان کەسیش برینداربوون و دەیانی دیکەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.