دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 26/09/2023

ئاوی دور،ئاگر ناکوژێنیتەوە

هێمن عەبدولقادر

کە لە دارستاندا ئاگر نێڵەئەدات و کڵپە ئەسێنێت ، کیسەڵ و سمۆرە و درەخت ئەکات بە قەرەبروت ، ئاوی دەریاچەی بۆ ئەشکێننەوە ، بە کۆپتەر لە ئاسمانەوە ئەیپرژێنن ، تەنها هەبوونی ئاو لە دوریشەوە سودی نیە ، ئەگەر نەڕژێت بەسەریدا.
ئەگەر پێی نەڵێت چییە ئەم هەموو ڕقە ، چیە ئەم هەموو بێڕەحمی و سوتانە ، ئەگەر ئاو باوەش بە ئاگردا نەکات، ئاگر هەروا دانامرکێتەوە.

توڕەیی ناکوژێتەوە هەتا بەر هێمنی نەکەوێت ، گەرمی دانابەزێت هەتا بەر ساردی نەکەوێت ، ڕق کەم ناکات هەتا بەر خۆشەویستی نەکەوێت ، شەڕ دانامرکێتەوە هەتا بەر لێبوردن و گەورەیی نەکەوێت.
ئەوەی بەر ئاو نەکەوتبێ وا دەزانێت دونیا هەمووی هەر بیابانە ،ئەوەی بەر عیشق نەکەوتبێ وا ئەزانێت دونیا هەمووی هەرخەزانە.
هەموو ئەوانەی کە خۆیان دەکوژن ئەگەر ئاوەکەیان لێدوور نەبوایە وا گڕیان نەئەگرت ، ئەگەر دەستێک بهاتەیە بەسەریاندا سیس نەئەبوون ، ئەگەر چەند وشەیەکی فێنک بەدڵیان بگەیشتبایە کارەکە بەجۆرێکی تر دەبوو، پەیوەندی سارد و سڕ ، یەکتر نەبینین ، جیابوونەوەکان ، هەموویان بەرەنجامی ئاوێکی دوور و خۆشەویستیەکی دوورن، کە هەمووان مەلەیان تێدا کرد جگە لە خۆت و ئەوانەی خۆشت ویستن.

ڕەوکێک بۆ ئەوەی پلازماکەی زیاتر بجوڵێت و زوتر گەشە بکات بەیانیان بە مۆسیقا ئەیلاوێننەوە ، پەیوەندیەک خیزانێک بۆ ئەوەی گەشە بکات ئەبێت بە ر خۆشەویستی بکەوێت تەنها هەبوونی خۆشەویستی لە ناخی خۆتدا کۆمەکی کارەکە ناکات ئەگەر دەرنەبڕدرێت، ئەگەر بەرامبەرەکەت ئیحساس بەم ئاوە ، بەم نەرمیە ، بەم مۆسیقا و سەما و بەم جوانیە نەکات هیچ لە بابەتەکە ناگۆرێت.
پشیلەیەک کەدێتەوە کە بێچوەکانی دەبینێت ، چەند خولەکێک یاری ئەکەن و یەکتری ڕاوئەبێن و سەر ئەنێن بەسەری یەکەوە و بۆنی یەک ئەکەن و خۆیان لەیەک هەڵئەسوون.

زمانی دەربڕینی خۆشەویستی لە زۆرینەی ئاژەڵەکاندا بەهێزترە لە زمانی دەربڕینی مرۆڤ ، مرۆڤ بۆخۆی وەکو ژیژک یەک دنیا (تڕو تەشقەڵەی لە دڕکەکانی ئاڵاندووە) (نێرایەتی ، ژنایەتی ، بەهێزی ،نازناوی زانستی ، کوڕ و کچی عائیلە و بنەمالە ) و دەیان ئیگۆی تر بونەتە باعیسی نەگەیشتنی ئەم ئاوە بە ئاگری کێشەکان.

زۆرینەی ئەو نامانەی لە دوای کەسی خۆکوژەوە بە جێماوون، نوسیویانە (وا من دەڕۆم بەرەو دەریاچەکە ، ئەگەر کەسێک زەردەخەنەیەکم بۆ بکات دەگەڕێمەوە)
(ئەگەر کەسێک هەواڵێکم بپرسێت تەلەفۆنێکم لە ڕێگا بۆ بێت دەگەڕێمەوە) ئەو تەلەفۆنە هەر نەکرا ، ئەو هەواڵە هەر نەپرسرا ، ئەو زەردەخەنەیە هەر نەکرا ، ئەو غرور و خۆبەزلزانینەمان هەر ژێر پێنەخرا ، تا هەموو شتێکی کوشت .

لە ڕاستیدا فرمێسکی ژووری دادگاکان تازە دادی هیچ کەس نادات ، خۆڕنینەوەی ژێر خێمەی پرسەکان ئیتر بێسوودە ، سەرنان بە شوشەی ژووری نەشتەرگەری تازە شیفا نادات ، گوڵبردن بۆ سەرقەبران کەس ناگێڕێتەوە .

ئەوەی ئەکرا شتێک بکات ، پەڕجوویەک بخولقێنێت ، دەربڕی خۆشەویستی بوو ، ئەوەی ئەبوو مالەکە هێمنتر بکات ، ئەوەی ئەکرا نەخۆشەکە کەمتر ئازاری بچێشتایە،ئەوەی کە ئەکرا کەمتر بەریەککەوتنمان هەبوایە ئەو خۆشەویستیەبوو کە وەک یۆرانیۆم لە دەرونی خۆماندا شاردمانەوە و بەهۆی ئیرەیی و خودپەسەندی و ڕقی زۆرمانەوە بۆ کەسمان دەرنەبڕی .

ئەوە هەر ئەو ئاوەبوو کە ئەکرا بگاتە ئاگرەکە ، بگاتە گوڵدانی مالەکە ، بەڵام لە دورەوە مایەوە و هیچ شتێکی نەکوژاندەوە و هەموو شتێکی سوتاند.
حەمدی وتەنی :٠ (داغی دڵ شوبهەی نییە ، بیناترە ئەڵبەت لە چاو)

ئەوانەی لە دڵدا مانەوە و دەرنەبڕدران ، داغیان سەختر بوو لەوانەی بەچاو بینیمان و پێمانوتران
نوقتە سەری دێڕ ......



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP