دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10/09/2023

ناکۆکییەکانى قەرەباغ ئاگرێک کۆنترۆڵکردنی ئاسان نابێت

لەچەند رۆژى رابوردودا نیکۆڵ پاشنیان سەرۆک وەزیرانى ئەرمەنستان ڕایگەیاندووە کە بارودۆخی ئایەروان ناهەموارە، لەبەرئەوەى ئازەربایجان هێزەکانى خۆی لەسەر سنورەکانى وڵاتەکەى مۆڵداوە و لەوانەیە بیەوێت قەرەباغ دابەشبکات، هەروەها گوتوشیەتى ئەوەى ئێستا دەگوزەرێت چەند رۆژێکە لەسەر سنورەکانى قەرەباغ هەستى پێدەکرێت و ئازەربایجان هێزەکانى لەسەر سنورى قەرەباغ و ئەرمەنستان کۆکردوەتەوە. هەربۆیە لە پەیامێکدا داواى لەکۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوەیەکگرتوەکان کردوە کەڕێوڕەسمی جدی و خێرا بگرنە بەر و بەخێرایی ڕێگری بکەن لەهەڵگیرسانى جەنگێکی نەخوازراو.

لەبەرامبەر ئەوەدا باکۆ لەگەڵ هەندێک لە هاوپەیمانەکانى خۆی لە نمونەى تورکیا و ئیسرائیل شێلگیرانەتر بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنن و کار بۆ ئەگەری ڕودانى جەنگێکی لەوشێوەیە دەکەن و ئەم کارەش جیۆپۆلەتیکی ئێرانیش دەخاتە مەترسییەوە لەبەر ئەوەى ڕێگەى بازرگانى و ترانزێتى ئەو وڵاتە لەگەڵ (گورجستان – جۆرجیا و روسیا و ئەوروپا) دەخاتە مەترسییەوەو دەکەوێتە ژێردەسەڵاتى ئازەربایجانەوە و ئەوەش کێشەیەکی تری ئەمنی و ئابوری بۆئێران دێنێتە کایەوە، هەربۆیە ئێرانیش ڕایگەیاندووە هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر سنورەکانى و بەبێ ئاگاداریی و ڕەزامەندی خۆی قبوڵناکات و هەفتەى پێشووش حوسەین عەبدوڵاهیان ى وەزیری دەرەوەى ئێران لەگەڵ هاکان فیدانى هاوتا تورکییەکەى لەتاران لەوبارەیەوە گفتوگۆی تەواویان کردووە.

بەڵام وەک سەرچاوەکان باسیدەکەن ئەم جموجوڵ و گۆڕانکارییانەى ئەم چەند رۆژە پێچەوانەى ئەو پەیوەندیی و گفتوگۆیانە نیشان دەدات، هەربۆیە ئێرانیش جموجوڵی بەهەندێک لە هێزەکانى کردوە لەسەر سنوورەکانى خۆی.

هەندێک لە سەرچاوە ناڕەسمییەکانى ئێرانیش ڕایانگەیاندووە کە ئێران لە ڕێگەى دبلۆماسییەتەوە نیگەرانییەکانى خۆی بە لایەنى ئازەربایجان گەیاندووە و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیشدا ئیبراهیم ڕەئیسی و نیکۆڵ پاشنیان ڕاوبۆچونی خۆیان ئاڵوگۆڕکردوە و ڕەیسی ڕایگەیاندووە کە هەرجۆرە کێشەیەک لەو سنورەدا بۆ ئێران هێلی سوورە، هەروەها ئێران مانگی پێشوش لەگەڵ هەردوو لایەنى ناکۆک قسەو باسی خۆی کردوە تا بەڕێگەى ئاشتییانە ناکۆکییەکانیان کۆتایی پێبهێنن.

وەک سەرچاوەکان باسیدەکەن وابڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا مانۆڕێکی سەربازیی (ئەمریکی ئەرمەنی) لەناوچەکەدا بەڕێوەبچێت کە ئەوەش نیگەرانى روسییەکانى لێدەکەوێتەوە هەربۆیە مۆسکۆ باڵیۆزیى ئیروانى بۆ ڕونکردنەوە بانگهێشت کردووە.

وەک شارەزایان باسیدەکەن، بەدرێژایی کێشەکانى نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان دەستێوەردانى دەرەکی یەکێکى تر بوە لە قوڵکردنەوەى کێشەکان و هەرگیز دووقۆڵی دەستیان پێنەکردوەو دوو قۆڵیش کۆتاییان پێنەهێناوە. هەربۆیە بەدوورى نازانن ئەمجارەش کێشەى نێوان ئەو دوو وڵاتە ببێتەوە کێشەیەکی ناوچەیی گەورە، چونکە لەم ساڵانەى دواییدا ئەرمەنستان لە روسیا دورکەوتوەتەوە و لە ئەمریکا نزیکبوتەوە باکۆ پێی وایە نزیکبونەوەى لە مۆسکۆ ئاسانتر کەوتووە، جگە لەوەش یاریزانانی تری وەک تورکیان و ئیسرائیلیش بەهەند وەردەگیرێت، دەبێت ئەوەشمان لەبیرنەچێتەوە کە روسیا بەهۆی جەنگی ئۆکۆرانیاوە وەک پێویست ناتوانێت بە کێشەکەدا بگات و نایانەوێت بەرەیەکی تری جەنگی بۆخۆیان بکەنەوە.

وەک شارەزایان باسیدەکەن ئێران تائێستاش کۆنترۆڵی خۆی کردوەو دبلۆماسییانە مامەڵەى لەگەڵ بابەتەکەدا کردووە، بەڵام ئاخۆ ئەگەر لەیەکێک لە قۆناغەکاندا بە فیعلی چووە ناو بابەتەکەوە ئەوا هەموو هاوکێشەکان گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت؟

هەربۆیە پێیان وایە باشترین ڕێگە بۆ ئێرانییەکان شکاندنی تابۆی دانوستانەو پێویستە بەخێرایی بچێتە نێوگفتۆگاکان، کە لە ئێستادا بەوشێوەیە نییە و ساردوسڕانە دەجوڵێتەوە، هەربۆیە بە پێوستى دەزانن لەبارەى جەنگی قەرەباغەوە لەگەڵ ئەوروپی و تورکیا و تەنانەت ئەمریکیەکانیش گفتوگۆبکات چون جەنگەکە دوور یا نزیک بەرۆکی ئەوانیش دەگرێتەوە..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP