دواین هەواڵ

کلتور‌

 07/09/2023

دەربارەی فیلمی (هیوا)

هێژا دڵشاد

یڵماز گونەی لە سیناریۆی فیلمی (هیوا) گەڕاوەتەوە بۆ چیرۆكی باوكی و خانەوادەكەی، وەك كتێب و رۆمانی گەورەی زیندوون، بەپاشخانێكی هوشیاری قوڵەوە دەربارەی خێزان و ئەو زەمینەیە نوسراون كە چۆن كورد لەنێو شارە گەورەكانی توركیا، غەرقی رووداوی تراژیدیا دەبێت و روبەڕووی پرسی كۆمەڵایەتی و ئابووری دەبێتەوە.

لەم فیلمەدا، لێهاتووی گونەی، وەك نووسەر و دەرهێنەرێكی سینەمایی، تراژیدیای ئەو سەردەمەی توركیا نیشاندەدات، لە چیرۆكی باوكی و خانەوادەكەیەوە، ئەندێشەی وێنە و داهێنان لەبواری سینەما لە مێشكی گونەیدا رەنگی داوەتەوە، زۆر رەهەندەكانی ژیان و سەرمایەداری و چینایەتی پیشانی بینەر دەدات. دەشێ‌ لە رێگەی فیلم و سینەماوە، هەڵسەنگاندنێكی قوڵ بۆ توانای یڵماز گونەی لە رووی بیركردنەوە و نوسین و هەروەها سینەماوە بكرێت. من وەك بینەرێكی فیلم و خولیای سینەما و سەرسام بە سینەماكارێكی وەك یڵماز گونەی، لە روانگەی خۆمەوە و وەك بینەرێك، هەوڵمداوە خوێندنەوە لەسەر فیلمەكانی گونەی بكەم، رەنگە ئەم نوسینەشم هەقی تەواو بە توانا و بەهرەیی نوسین و سینەما گەورەكەی یڵماز گونەی نەدات.

یڵماز گونەی لە زۆربەی فیلمەكانیدا، زیاتر لە رۆڵێگی گێڕاوە و تەنها وەك ئاكتەرێك رۆڵەكەی بەرجەستە نەكردووە، بۆ نمونە لە فیلمی (هیوا)، وەك بەڕێوەبردن، دەرهێنەر، سیناریست و ئاكتەر رۆڵی هەبووە، ئەگەر بەراوردێك لەنێوان یڵماز گونەی و هونەرمەندەكانی توركیا بكەین، لەو سەردەمە و بە ئێستاشەوە، دەگمەنە بتوانین هونەرمەندێك بەو رادەیە لە چەند بوارێكدا بەهرەمەند بێت بە ئەندازەی گونەی، واتە لە نوسینی سیناریۆ و چیرۆك و لە بواری سینەماشدا بتوانێ چەند كارێك لەهەمانكاتدا بكات، لەم خاڵەدا گونەی بێ‌ وێنەیە و توانا و بەهرەمەندی ئەو زیاتر بۆمان دەردەكەوێت.
ئاستی داهێنەرانەی گونەی وەك چیرۆكنوس و رۆماننوسێك، هێشتا شاراوەیە و بەتەواوی توێژینەوەی بۆ نەكراوە، هەرژەندە هەندێك لە سیناریۆی فیلمەكانی كراون بە كوردی وەك كتێب، دەكرێت لەڕێگەی سیناریۆی فیلمەكانی كە نوسیوێتی، هەڵسەنگاندن و توێژینەوەی نوێ بۆ دنیابینی ئەو لەبواری سینەما و ئەدەب بكرێت. لە توركیا دەیان كتێب و بواری توێژینەوە لەسەر سینەما لای یڵماز گونەی نوسراون.

فیلمی (هیوا)، گونەی درگا لەسەر ئەندێشەی مناڵی خۆی دەكاتەوە، گێرانەوەی یادەوەرییە تاڵەكانی ژیانی خۆیەتی كاتێك خانەوادەكەی لە زێدی خۆیانەوە لە ناوچەیەكی بچوكەوە روو لە شاری ئەدەنە دەكەن، لێرەدا بارگرانی ژیان و مەینەتی روو لە خێزانێكی هەژار دەكات، شەونخونی باوكێك بۆ خێزانەكەی تا رادەی ون بوون لەناو گێژاوی شارێكی گەورەدا خۆی دەبینێتەوە.

واتە چیرۆكی هیوا بەرلەوەی لەڕێی وێنەوە و وەك فیلێمێكی سینەمایی بگاتە بینەر ئەو لەناو یادەوەری خۆیدا وەك مشتێكی هەقیقی ژیان مامەڵەی لەگەڵ كردوە و بەو شێوە سروشتییەش گواستوێتییەوە بۆ نێو ئەدەب و بۆ بەردەم دوو دیدەی خوێنەر.

چیرۆكی سیناریۆی (هیوا)، وێنای واقیعی تاڵی ژیان دەكات بۆمان. واتە واقیعێكی ژیانە كە پڕە لە نادادپەروەری، ماندوبوونی مرۆڤ. چینایەتی و سیما ناشرینەكانی سەرمایەداری، خەونە سپیەكانی هەژاران، هیوای باوكێك بۆ خێزانەكەی تاكوو شەرەفمەندانە ژیانێكی باشتر و خۆشگوزەرانی بۆ ماڵ و مناڵی بەرجەستەبكات. كاتێك باوك دەبێتە كارەكتەرە سەرەكییەكەی فیلمەكە، لە خانویەكی رادەبەدەر كۆن و نیمچە روخاودا ژیان بەسەردەبەن، كە گیرۆدەی هەژاریی بوون، لێرەدا گێڕانەوەی چیرۆكی هەوڵ و كۆششی باوكێكی ماندوونەناسە كە هەموو هێز و توانایەكی بۆ كڕینی ژەمێكی خواردنە بۆ خانەوادەكەی و هاوكاتیش لای ئەم باوكە هەژار و ماندونەناسە (هیوا)یەك هەیە، كە هەمیشە چاوەڕێی رووداوێكی باش لە ژیانی بكات. كاتێك (هیوا) نامێنێت، مرۆڤ سەرلێشێواو و سەرگەردان دەبێت.

ئەم فیلمە كە چیرۆكەكەی لەژیانی باوكییەوە وەرگرتووە، لە ساڵی 1970 بەرهەمهاتووە، لەساڵی 1971 لە فێستیڤاڵی (كان) نمایشی تایبەت كراوە، هەروەها لەساڵی 1975 چیرۆكی فیلمەكە كراوە بە كتێب. لەو سەردەمەدا بە واقیعترین فیلم دەستنیشان كراوە كە باس لە ژیانی ئەو سەردەمە دەكات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP