دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 05/09/2023

دژوار فایەق: خوڵقاندنی کێشەکانی ئەم دواییەی کەرکووک بۆ ئەوەیە کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت

محەمەد جەمال – هەولێر

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک دەڵێ، خوڵقاندنی کێشە و ئاڵۆزییەکان لەو شارەدا بۆ ئەوەیە کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێ و هەڵبژاردنیش بەڕێوەنەچێت.

دژوار فایەق، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێم بۆ کاروباری ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە لێدوانێکی تایبەت بۆ هەرێم نیوز ڕایگەیاند، بەداخەوە ئەوەی زۆرینە لە عێراق حوکم دەکات لەژێر کاریگەری عەقلیەتی توندوتیژیی نەتەوەیی و شۆڤێنی و ئایینی و ئایینزایین و ڕێز لە کەمە نەتەوە و ئایینییەکانی تر ناگرن.

دەشڵێت:" دەستێکی دەرەکی هەیە کە دەستوەردان لە کاروباری عێراق دەکات و لە بەرژەوەندی لایەنێک یاخود تاییفەیەک کار دەکات و کێشەکانی لە عێراق قورستر کردووە."

وتیشی، یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی ئەو کێشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ کورد لە کەرکووک خوڵقاندیان، دیارە کە ئامانجیان ئەوەیە کە نایانەوێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، هەروەها هۆکارێکی تریش ئەوە بوو کە ویستیان سیناریۆیەک دروست بکەن تاوەکو هەڵبژاردن لەو پارێزگایە ئەنجام نەدرێت، چونکە کورد لە پێنج هەڵبژاردنی ڕابردوو سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.

لە بارەی بڕیاری دادگای فیدراڵیش سەبارەت بە ڕاگرتنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران لە بابەتی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک و وەرگرتنەوەی بارەگاکانی دەڵێت:" بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەو خێراییە بۆمن جێی سەرسوڕمان بوو، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پارێزگاکان لە کەرکووک دەنگێکی زۆر بەدەست دەهێنێت. "



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP