دواین هەواڵ

کوردستان‌

 02/09/2023

وتەبێژی ئاسایشی هەولێر: ستایشکردنی سەدام لە هەولێر کوفرە

هەرێم نیوز

لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا چاودێرێکی سیاسیى عه‌ره‌ب لەهەولێرەوە قسه‌ ده‌كات، ستایشی سەدام حسێن دەکات‌و بە"پاڵەوان‌و شەهید" ناوی دەبات، له‌به‌رامبه‌ریشدا وتەبێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشی هەولێر هاته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت، "بەدواداچون بۆ ناسنامەی کەسە دەکەین، چونکە پێداهەڵدانی سەدام لەهەولێر قەدەغەیەو كوفره‌".

عەقید ئەردەڵان وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بەدەنگی ئەمریکای راگەیاندوە "ستایشکردنی سەدام لەهەولێرەوە وەکو کوفر وایە، ئێمە بەدواداچون بۆ ناسنامەی ئەوکەسە دەکەین، بزانین ڕاستە لەهەولێرەوە قسەیکردوە، گەر وابێت لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت".

لێدوانى به‌رپرسه‌كه‌ى ئاسایش له‌كاتێكدایه‌، لەبەرنامەیەکی کەناڵی (ئەل عەهدی) عێراقیدا کە چوارشەممەی ڕابردوو پێشکەشکراوه‌ یەکێک لەبەشداربوانی بەرنامەکە دەردەکەوێت بەناوی (ڕەبیع ئەل جەواری) کە گوایە لەشاری هەولێرەوە وەکو چاودێری ئه‌منیى‌و سیاسى بەشدارە.

ستایشەکەی ئەو چاودێرە لەخولەکی 32ی بەرنامەکە دەستپێدەکات ئەوکاتەی میوانێکی تری بەرنامەکە بەناوی دکتۆر حەیدەر دەڵێت "نەفرەت لەسەدام حسێن‌و ئەوانەشی کە بەهەر جۆرێک لەجۆرەکان پشتگیریان کردوە"، لەوکاتەدا ڕەبیع ئەل جەواری بەمە توڕە دەبێت‌و وەڵامدەداتەوەو دەڵێت،"نەفرەتی خوا لەتۆ، پێڵاوی سەدام حسێن لەتۆ شەریفترە، نەفرەت مەکە لەسەدامی پاڵەوان، سەدام شەهیدە".

لەکاتێکدا پێشکەشکاری بەرنامەکە هەوڵدەدات گرژیەکان ڕابگرێت، ڕەبیع ئەل جەواری بەردەوامدەبێت لەستایشکردنی سەرۆکی رژێمی بەعس‌و بەشداربوەکەی تریش دەڵێت، "بەداخەوە پارتی دیموکراتی ڕێگەدەدات لەهەولێرەوە بەمشێوەیە ستایشی سەدام بکرێت".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ وتەبێژی ئاسایشی هەولێر وتیشی "مەرج نییە ئەوکەسەی لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ستایشی سەدام حسێنی کردوە لەهەولێرەوە قسەیکردبێت، ڕەنگە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ لەکەدارکردنی هەولێر".

کەنعان خەیلانی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێریش لاى خۆیه‌وه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌، "ڕاگەیاندن هێندە فراوانبوە، کۆنترۆڵناکرێت، به‌ڵام قابیلی قبوڵ نییە کەسێک وەسفی ستەمکارێک بکات کە هەزاران کوردی شەهید کردوە، دەبێت دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچون بکەن، چونکە بەعس بەیاسا هەڵوەشێنراوەتەوەو ستایشکردنی نایاسایی‌و نائەخلاقییە".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر لەمانگی 11ی ساڵی 2021 پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بڕیاریانداوه‌ بەداخستنی کافتریای پەرمى جیانۆو دەستگیرکردنی خاوەنەکەی بەهۆی ئەوەی سرودی "زێڕە"ی تایبەت بەسەدام حسێنی لێدابوو، هاوكات له‌مانگی 7ی ساڵی ڕابردوش ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئاشكرایكرد، بەبڕیاری ئومێد خۆشناو، هۆتێل ڕۆزالین داخراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵ خاوەنه‌كه‌ى دەستی پێکردوە بەهۆی ئەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی سەدام حسێنى لەجیاتی لافیتەی بەخێرهێنانی میوانان، لەهۆتێلەکە دانابوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP