تێبینی و خوێندنەوە: هەڵۆ کاکەوەیس
بۆچی گرنگە ئەم فیلمە ببینین؟ بۆچی گرنگە ئاگاداری وەهمی منداڵ بین؟ گرنگە دایک و باوکە سەرقاڵەکانی ئەم سەردەمە ئاگاداربن لە چ بارودۆخێكی ترسناکدان؟
پەراوێزخستنی منداڵ و سپاردنی بە سۆشیاڵ میدیا و تەکنەلۆژیا چ کارەساتێک دەخوڵقێنێت!
فیلمێکی نەرویجی زیاتر لە 37 خەڵاتی وەرگرتبێت شایەنی بینینە، بە داخەوە زۆر درەنگ کەوتم بۆ بینینی، بەڵام سەدان پرسیاری لەلام دروستکرد، پێموایە ئێستاش شایەنی ئەوەیە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، هەروەها لێرە خوێندنەوەیەکی بۆ دەکەم و بە هیوام شایستەی ئەو کاتەی ئێوە بێت کە بۆی تەرخان دەکەن.
مادس میکلسن بە ناوی لۆکاس ئەکتەری سەرەکییە و تۆماس وینتەربیرگ دەرهێنەری فیلمەکەیە
چیرۆکەکە باس لە مامۆستایەکی باخچەی ساوایان دەکات کە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، لۆکاس کەسایەتییەکی کاریگەری هەیە و لەلایەن منداڵانی باخچەکەوە خۆشەویستە، بۆ ئەو کۆمەڵگە بچووکەش مانەوەی پیاوێک لە خانووێکدا بە تەنیا هەمیشە جێگەی پرسیار بووە و گومانی خراپیان لێدەکرد، لەنێو باخچەکەش کە زۆربەیان ژنگەلێکی بەگومانن بەردەوام بە دوای تاڵە موویەکدا دەگەڕێن لەسەر چاکەتەکەی لۆکاس.
کلارای تەمەن 7 ساڵان کچی ''تیۆ'' هاوڕێ نزیکەکەی لۆکاس رۆژانە بەپێ دەهات بۆ ماڵەکەی لۆکاس، هۆکاری سەرەکیش سەگەکەی لۆکاس بوو ''فانی''. لۆکاسی بە ئەزموون و نەرموونیان بە پیادە دەیگەڕاندەوە بۆ ماڵی خۆیان، دەیبرد بۆ باخچە و گفتوگۆی لەگەڵ دەکرد و بەباشی گوێی لێدەگرت، کلاراش زۆر سەرسامی لۆکاس بوو.
کلارا بە هۆکارێک کە گومان دەکرێت لە خەیاڵی خۆیدا مامۆستاکەی دەکاتە خۆشەویستی خۆی، بەڵام دەزانێت کە ئەو شتە ئەستەمە، بۆیە سزای لۆکاس دەدات و لەلای بەڕێوەبەری باخچەکە هەندێک لەو خەیاڵانەی باس دەکات.
ئەوەی مامۆستاکان بە پارە دەیانکڕی، خەیاڵەکەی کلارا بۆیانی جێبەجێکرد، لۆکاس تۆمەتبارکرا بەوەی دەستدرێژی کردووەتە سەر کلارا، هەروەها ئەو دۆگماتیزمە کۆمەڵایەتییەی کە تاکەکەس رووبەڕووی دەبێتەوە بریتییە لە نادادپەروەری و سەرکوتکردن و هەڕەمەکی لە حوکمدان و تۆمەتبارکردن، بێ گومان ئەنجامەکان لەلایەن زۆرینەوە دیاریکراوە بەبێ گوێدانە رەوایەتی و مافەکانیان.
لەلایەکی دیکەوە دادگەی کۆمەڵگە رۆڵێکی زۆر سەرەکی هەیە لە نابووتکردنی تاکەکان، دەشێت و زۆر روویداوە تاکێک تاوانبار نەبێت، بەڵام تاوانبار دەکرێت و دەبێت بە سینەمای رۆژگار، بەڕێوەبەرەکە پزیشکێكی دەروونی هێنا تاوەکو کلارا وردەکارییەکان باس بکات، هەندێک نموونەی بۆ باسکرد و زیاتر لە کچەکەی کۆڵییەوە، ئەویش وتی من لە خەیاڵی خۆمدا ئەوەم کردووە، بەڵام رق و کینەی لەبەرامبەر لۆکاس وایکرد بە کلارا بڵێن ''ئەزیزم تۆ خەیاڵ ناکەی، تووشی شۆک بوویتە و مێشکت پێت دەڵێت ئەوە رووینەداوە'' کلارایان تووشی نەخۆشییەکی ناچاری کرد ''دەستدرێژی''. بۆیە بەردەوام بوون لەسەر ئەو لە خەیاڵی خۆیانە و ئامانجە سەرەکییەکەش بەتاڵکردنەوەی ئەو هەموو رقە لەبەرامبەر لۆکاس !
چیرۆکەکەی کلارا تۆپەڵە بەفرێک بوو و هێندە گەورەکرایەوە بوو بە کێوێک لە بەفر و هەر هەمان رۆژ، کەسوکاری کلارا ئاگادار دەکرێنەوە و لە کۆبوونەوەی دایکان و باوکان باسی دەکەن و هەر زوو پۆلیسیان ئاگادارکردەوە، لۆکاس دادگایی دەکرێت و تۆمەتەکان رەتکرایەوە، چونکە کلارا وتبووی لە ژێرزەمینی ماڵەکەی وای لە من کردووە و لە راستیدا لۆکاس ژێرزەمینی هەر نەبوو!
تۆماس فینتەربیرگ دەرهێنەر پێمان دەڵێت کە چۆن منداڵان هەمیشە بێتاوان نین و دەکەونە ژێر کاریگەری پێشبینییەوە کە رووبەڕووی خێزانەکانیان دەبێتەوە و دواتر بۆ جیهانی دەرەوەی دەردەبڕن، بەپێی زانستی دەروونناسی منداڵ لەو تەمەنە کەسێکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو لە سێ بەش پێکهاتووە: خۆی، دایک و باوکی.
خێزانەکەی کلارا کێشەی زۆریان هەبوو بە تایبەتی لە نێوان دایک و باوکەکە و هەمیشە بە پینەوپەڕ چارەسەرکراوە، کلارا هەمیشە ماڵەکەی جێدەهێڵێت بەرەو ماڵی لۆکاس و بەپێی دەرۆیشت و نەیدەتوانی بگەڕێتەوە!، لۆکاسیش هەموو جار دەیگەڕاندەوە و کەمێکیش لەگەڵ خێزانەکەی کلارا دادەنیشت، باوکی کلارا ئەلکهوولێک بوو، کلارا لە مۆبایلی براکەی هەندێک دیمەنی پۆرنۆگرافی بینی کە نەدەبوو بیبینێت.
کلارا کچێکی سەرلێشێواو بوو و ئەو ئاژاوەیەی خێزانەکەی نیگەرانی دەکات و هانی دەدات بە دوای جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە ئەو وێنای باوکێکی نموونەیی لە لۆکاسی مامۆستاکەی دەبینێتەوە و ترسی لەدەستدانی هەیە، بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو باوکەی لە راستیدا هەیە و بە نرخی نەبووە.
سەرەڕای ئەوەی کلارا چەند جارێک هەوڵیدا تۆمەتەکە بکشێنێتەوە دوای ئەوەی ئەنجامە کوشندەکانی ئەوەی بینی کە لەسەر ژیانی لوکاس ئاشکرای کردووە، بەڵام دادگەی مێگەلی بە کۆمەڵ باوەڕیان بە تۆمەتەکانی کلارا هەبوو، لێرەدا پارادۆکسەکە لەوەدایە کاتێک چەرخە کۆمەڵایەتییەکە دەست بە خولانەوە دەکات بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە تاکەکان دەهاڕێت، بەهیچ شێوەیەکیش ئامادە نییە هەڵەکە راست بکاتەوە، چونکە تێچووی راستکردنەوەی هەڵەکە کاریگەری کەڵەکەبووی گەورەتر و تووندتری هەیە لەسەر کۆمەڵگە.
دادگەی کۆمەڵگەی تەنیا بە باوکەکەوە نەوەستا، خراپتر کوڕەکەی لۆکاسی هاڕی و باوکی زوو فریای کەوت و ناردییەوە بۆ لای دایکی، دوای ئەوەی مەرگی سەگەکەی باوکی بینی و لە مارکێت سووکایەتی پێکرا و لە ماڵی تیۆ بە چەند کەسێکەوە لێیدرا.
لۆکاس نموونەیەکە لە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پیدۆفیلیا وەک ڤایرۆسێک لە کۆمەڵگەدا. لۆکاس لە کارەکەی دەردەکرێت، لە شوێنە گشتییەکان دوور دەخرێتەوە، سەگەکەی لەبەردەم دەرگاکەی هەڵدەواسرێت و بەرد فڕێدەدرێتە ماڵەکەی، هەموو ئەمانە لەگەڵ نکۆڵیکردنی بەکۆمەڵ و خۆدوورگرتن لە خۆی و کوڕەکەی، هەراسان دەکرێت و رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە و تەنانەت خۆشەویستەکەیشی گومانی لێدەکات و پەیوەندییەکەی لەگەڵیدا دەشکێنێت.
فیلمێک کە لە قووڵایی کۆمەڵگەوە هەڵدەقوڵێت و ناوەڕۆکی راستەقینەی هاوڕێتی و خۆشەویستی و متمانە ئاشکرا دەکات، چونکە کەسەکان سازش لەسەر بیرکردنەوەی بە کۆمەڵ ناکەن، لەو جۆرە کۆمەڵگایانە تۆ بژاردەیەکی دیکەت نییە، یان راوچی یان نێچیریت، لە کۆمەڵگایەکی پڕ لە راوچی لۆکاسیش بوو بە بزنی قوربانی.
بە بیانووی لابردنی خراپەکاری لەو کۆمەڵگەیە هەموویان لە دژی یەک کەس یەکگرتوو بوون، بەبێ ئەوەی بزانن لەم یەکێتی و یەکگرتنەدا بەدکارییەکی گەورەتر و نادادپەروەرتر و تاڵ لە یەکێتییەکەیاندا هەیە.
دەرهێنەر کۆتاییەکەی بە کراوەیی بۆ بینەران بەجێهێشتووە، لۆکاس پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ خەڵکی شارۆچکەکە دەگەڕێتەوە وەک پێشتر، دووبارە لەگەڵ هاوکارەکانی دەگەڕێتەوە بۆ راوکردنی ماسی کوڕەکەی لە کۆمەڵگای ماسیگرەکان پەسند دەکرێت، و بە تەقەکردن لە لۆکاس کۆتایی دێت کە فیشەکەکە نایپێکێت، ئەوەش چەند پەیامێک لە خۆ دەگرێت؛
کۆمەڵگە برینەکانی بە ئاسانی ساڕێژ نابن و یادەوەرییەکان دەپارێزێت، کێشەی کۆمەڵایەتی بە ئاسانی لەنێو ناچێت، تەنانەت ئەگەر دادگە تاوانبار تۆمەتبار نەکات، رق و کینەی خۆی دەهێڵێتەوە و بەردەوام ئامادەیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەمان پەرچەکردار بنووێنێتەوە و ئەو تەقەکردنە چەند پرسیارێک دروست دەکات:
تەقەکەرەکە کێیە؟ ئایا مەبەستی کوشتنی لۆکاس بوو؟
بە چاوی دادگەی کۆمەڵگە لۆکاس هەر تاوانبارە، دەکرێت تەقەکردنەکە ئاگادارکردنەوەیەک بوو بێت، دەشێت جاری داهاتوو ئامانجەکە لە دەست نادات و گوللـەکە بیپێکێت، بۆیە تەقەی ئاگادارکردنەوە ئەوەیە کە لە شارۆچکەکە دەری بهێنن و ئەو شوێنە جێبهێڵێت، ئەگەرنا ژیانی خراپتر دەبێت، چونکە زۆرێک لە خەڵکی شارۆچکەکە هاندەدرێن بۆ ئەوەی لۆکاس لە ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان دووربخەنەوە، چونکە بە دیدی هیستریای بە کۆمەڵ لۆکاس میکرۆبێکی پیسە دەبێت بکوژرێت.
هەموو کەسێک دەیەوێت لە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی دەرباز بێت لەو زەحمەتییانەی کە بەسەر منداڵەکانیاندا روودەدات بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی خێزانەکەوە، ئەوان کاتێکی گونجاویان دۆزیوەتەوە بۆ پاساودان بۆ خراپ بەڕێوەبردنی پەروەردەیی خۆیان بە فڕێدانی بۆ لوکاس. دەرهێنەر پێمان دەڵێت کە کۆمەڵگای ساختە چەندە سادە و ساختەیە. ئەو خۆشەویستی و متمانەیەی کە لوکاس بەخێرایی بوو بە ڕق و کینە و ڕق و بێ متمانە. چۆن شتەکان ئەوەندە بە خێرایی دەسوڕێنەوە؟ هەست و بیرکردنەوەکان چۆن دەتوانن لە چاو تروکاندنێکدا و بەبێ بەڵگە و دادگاییەکی دادپەروەرانە بگۆڕن!
دەرهێنەرەکە زۆر بەباشی ئەو ئەکتەرەی هەڵبژاردووە کە بەو دەموچاوەوە ئاکت بکات، هەروەها هەڵبژاردنی کچێكی 7 ساڵان کە دەتوانێت بەو تەمەنەوە نیگای پڕ لە خراپە لەچاوەکانیدا بخوێنیتەوە.
ئەم فیلمە ئەوەندە بە جوانی وێنای کۆمەڵگەیەکی داخراوت بۆ دەکات، ئیتر وەڵامی هیچ پرسیارێک ناهێڵێتەوە لەبارەی هاوفکری، رۆشنبیری، سزادان و بڕیاردانی بە کۆمەڵی میگەل لە کۆمەڵگەدا.
نەهامەتی لۆکاس لەوەدابوو لەلایەن خەڵکی شارۆچکەکەی، هاوڕێ و دراوسێ و هاوکارەکانی لە شوێنی کار رووبەڕووی قێزەونترین و دڕندەترین دادگەی کۆمەڵایەتی بووەوە. لوکاس بەبێ لێکۆڵینەوە و بەبێ هیچ بڕیارێکی دادوەری کۆتایی لە دژی بڕیاردرا، بەبێ ئەوەی رێگەی پێ بدەن بەرگری لە خۆی بکات.