هەرێم نیوز
دوای ئەوەی دوێنێ لە کەرکووک هاووڵاتییەک بە چەک هێرشدەکاتە سەر ماڵی خەزووری و سێ کەس دەکوژێت، بۆ هەولێر هەڵدێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر دەکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاندوە "دواى ئەوەی لە 3ی 8ی 2023 لەگەڕەکی کەرامەی شاری کەرکووک تۆمەتبارێک بەناوی (ه. م. ع.) بە چەک هێرشیکردە سەرماڵی غەزووری و بووە هۆی کوژرانی خەزووری بەناوی (ئەحمەد عەباس ساڵح) و خەسووی بەناوی (شلێر ساڵح) و خێزانی تۆمەتبارەکە بەناوی (فێنک ئەحمەد عەباس) و برینداربوونی کوڕە غەزوورەکەی بەناوی (محەممەد عەباس ساڵح)"
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، زانیاریمان بەدەست گەیشتووە کە تۆمەتبارەکە بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتووە، دواتر بۆمان دەرکەوت کە تۆمەتبارە دێتە شاری هەولێر، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، تواندرا تۆمەتبار (ه. م.ع.) دەستنیشان بکەن و دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرايەتی پۆليسی هەولێر و بەڕێوەبەرايەتی بازگەكان دەستگیرکرا.
هەروەها ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، رێکارە یاساییەکان گیراوەتەبەر.
لەوبارەیەوە عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک راگهیاند، ئێوارهی رۆژی (پێنجشهممه 3ـی 8ی 2023) ئەو گەنجە بە چەکی بێمۆڵەت هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خەزووری و بۆ بردنەوەی خێزانەکەی چووە کە پێشتر ناخۆشی لەنێوانیاندا دروستبووە و خەزووری رەتیکردۆتەوە هاوسهرهكهی بگەڕێتەوە بۆ لای.