دواین هەواڵ

کوردستان‌

 01/08/2023

پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی: بۆ هەڵبژاردن سوپرایزی دەبێت

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ سێ شەممە، سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، لاهوور شێخ جەنگی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک لیستی نابێت و دەستبەرداری لیستی گەل بووە و تۆماری ناکات، هۆکارەکەشی بۆ وەڵام نەدانەوەی لایەنە کوردستانییەکان لەسەر پێشنیازی یەک لیستیی دەگەڕێنێتەوە.

بەگوتەی پارێزەرەکەی، لاهوور شێخ جەنگی کە بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانی یەکێتییەوە لە دوای هەشتی تەممووزی 2021ەوە دوای دوورخستنەوەی لە یەکێتی نەگەڕایەوە نێو ئەو حیزبە، بۆ لایەنە کوردستانییەکان پێشنیازی ئەوەی کردبوو ئامادەیە هیچ بەربژێرێکیشی نەبێت لە کەرکووک ئەگەر یەک لیستی هەبێت، تەنیا بانگەشە بکات و دەنگ بۆ لیستەکە کۆبکاتەوە.

وتیشی "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سوپرایزی دەبێت و لەگەڵ یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی دەکات و بەشداری هەڵبژاردن دەکات."

سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە سەرەتاکانی ساڵی داهاتوو بکرێت، بۆ رووداو ئاشکرایکرد: "کاک لاهوور بەشداری هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام دیارنییە بەچی ناوێکەوە دەبێت، ئەوەی هەیە بەهێزەوە بەشداری دەکات و سوپرایزیشی دەبێت، چونکە هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان  دەکات و بەدڵنییایەوە دەنگێکی زۆر بەدەست دەهێنێت."

سەیوان سیروان جاسم،ئەوەشی راگەیاند:  چاوەڕوانی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەکەین، هەرچەندە هەڵبژاردن بەیاسا کۆنەکە دەکرێت، بەڵام روون نییە کە بەچ ناوێک و چ لیستێکەوە بەشداریی دەکات و چەند بەربژێری دەبێت، ئەوە بۆ کاتی خۆی دەمێنێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP