هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بارەی مەترسی دەرمان و شروبی (کۆڵد ئاوت)، ئاشكرای کرد، "ئەو دەرمانە لەلایەن وەزارەتەوە تۆمار نەکراوە و مۆڵەتی فەرمی نییە، بۆیە بڵاوبوونەوەی بە پێشێلکردنی یاسا دادەنرێت."
د.سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە، "دەرمانی (کۆڵد ئاوت) بە فەرمی لە وەزارەتی تەندروستی تۆمار نەکراوە و بڵاوبوونەوەی بە پێشێلکردنی یاسا دادەنرێت."
د. ماجد شنگالی، سەرۆکی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو دەرمانە کۆل ئاویتی پێدەوترێت، دروستکراوی وڵاتی هیندستانە، لە عێراق تۆمار نەکراوە و مۆڵەتی هاوردەکردنیشی پێ نەدراوە".
جەختیکردەوە "ئەگەر ئەو دەرمانە لە هەر دەرمانخانە و بازاڕێک هەبێت، مانای وایە بەشێوەیەکی نایاسایی هێنراوەتەوە عێراق لە تاقیگەکانی نیشتمانی چاودێریی دا پشکنینی بۆ نەکراوە".
هاوکات، ئاژانسی (بلومبێرگ)ی ئەمریکی، لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردووتەوە، "پشکنینێکی ئەم دواییە کە بۆ دەرمان و شروبی (کۆڵد ئاوت) ئەنجام دراوە كە دەرمانێکی هیندییە، كە بۆ چارەسەرکردنی هەڵامەتی منداڵان لە عێراقدا فرۆشراو، دەرکەوت کە بە ماددەی کیمیایی ژەهراوی پیس بووە."