دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13/07/2023

مامۆستایەکی ئاینی سکاڵا دژی ئاسیاسێڵ تۆمار دەکات

هەرێم نیوز

مەلا جاسم کەلاری، مامۆستایی دیاری ئایینی، لە بانگەوازێکدا ڕایدەگەیەنێت، ئاسیاسێڵ بە ئاشکرا و بە بیانووی جیاواز باڵانست لێدەبات بەبێ ئەوەی بەشداری هیچ خزمەتگوزارییەکت کردبێت.

مەلا جاسم کەلاری، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەر و یاساناسەکان!، ئەمە چەند جارێکە کۆمپانیای ئاسیاسێل بەشێوەیەکی نامۆ لە چەند سیمکارتێکی جیاوازی ماڵەوەمان باڵانسەکان بەبیانووی جیاواز کەم دەکاتەوە. هەر جارێک دەڵێت: ئەوە بەشداریت لە خزمەتگوزاریی فڵان و فیسار و بێ ئەوەی هیچ بەشدارییەکمان کردبێت و بەڵام بەشێوەیەکی وا سبەینێ تاقەتت نەبێت داوای مافی خۆت بکەیتەوە. وە زۆربەی بەشداربووان بە خوێندەوار و نەخوێندەوارەوە و بەخۆمیشەوە ئاگامان لە ژمارەی باڵانسی مۆبایلەکەمان نییە و هەرچی لێ دەبڕدرێت و نابڕدرێت ئاگامان لێ نییە.

دەشڵێت: ئەم بڕە پارەیە وا ناکات تۆ لەسەر هەزار دینار بچیتە دادگا و داوای مافی خۆت بکەیت، بەڵام کۆمپانیایەک کە نزیکەی چوار ملیۆن بەشداربووی بێت ئەگەر بە یەک جار یەک هەزار لە بەشداربووان ببڕێت پارەیەکی زەبەلاحیان لێ دەبات.

لە پەیامێکی دیکەیدا ناوبراو دەڵێت: بەو پێیەی کۆمەڵێک پارێزەری دڵسۆز لە گەرمیان و سلێمانی و شوێنەکانی تر گفتوگۆیان لەگەڵم کرد کەیسی دەعواکردن لە دژی ئاسیاسێل بە سوودی من نایەتەوە و ئاخیری ئەوان کەیسەکە دەبەنەوە.

بردنەوەی ئەم کەیسە بابەتێکی گرنگ نییە بۆ من، چوونکە ئەگەر کەیسەکە ببەمەوە ئاسیاسێل حەوت هەزارەکەم دەداتەوە و خۆ خوێنی حەوت هەزار هەر حەوت هەزارە.
مەبەستی من لەم بابەتە دوو خاڵی سەرەکییە:

١- ئەمە مافخواردنێکە لە هەموان، هەر بابەتێکی مافخواردنی خەڵک دێتەپێشەوە میللەت بەهۆی جیاوازیی سیاسی و ڕاجیایی یەکدەنگ نابن، لایەک لە دزییەکە قازانج دەکات و لایەک زیان دەکات و سەرەنجام دوو بەرە لەنێو خەڵک دروست دەبێت و دزی زەبەلاح لەم دووبەرەیییە ڕزگاری دەبێت.
بەڵام ئەمەیان ناکۆکیی نێوان میللەت و بازرگانە زلەکانە.
٢- دادگای میللەت ماف بۆ خەڵک دەگێڕێتەوە، لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کۆمپانیای میهن ی شیرەمەنی هاوکاریی دەسەڵاتیان کردبوو لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوایییەدا، زۆربەی دوکانەکانی تاران گەڕاین بەرهەمەکانیان نەدەفرۆشرا، تەنانەت کارمەندەکانیان هاتبوونە سەر خەت داوایان کردبوو بە سزادانی کۆمپانیاکە هەزاران خەڵکی هەژار بێکار دەبن. بەڵام خەڵک هەر بڕیاری سزای ئابوورییان دابوو.
پێکەوە دوای دۆڕاندنی کەیسەکەم و زەرەرێکی ماددی و کات، بەرەو دادگایەکی میللی بۆ سزادانی هەر کۆمپانیایەک کە گوێ لە بەشداربووانی خۆی ناگرێت و ئەوەی بەرژەوەندیی خۆی بێت پێشی دەخات لەسەر بەرژەوەندیی ئەوان.

دەقی پەیامەکانی:
لە چ وڵاتێکی جیهاندا باجی سەر کۆمپانیاکان بە خەڵکی فەقیر دەبژێردرێت؟
چەند ساڵە ٢٠% ی باجی سەر کۆمپانیاکان بە خەڵکی فەقیر و بێوەژن و هەتیوبار و بێکار و بێدەسەڵات دەبژێردرێت و کەس نەیوتووە بۆ ئەمە بە من دەبژێرن؟
دوای لادانی باجەکەی وڵات لەسەریان بە ماوەیەک باجی سەر کارتەکان لادەبرێن و نرخی پەیوەندی گران دەکرێت.
لە چ وڵاتێکی جیهان بەشداربوو تا خزمەتگوزاریی کۆمپانیایەک بەکار بهێنێت زیاتری لەسەر گران دەکرێت؟ کاتێک کە بەشداربوو وازی لێیان هێنا هەرزانکاریی بۆ بکرێت؟ دیسان کە بەکاری هێنایەوە لەسەری گران بکرێت؟
لە چ وڵاتێکی جیهاندا بە ناردنی نامەیەکی خۆکار و بە زمانێکی تر بەشداری لە خزمەتگوزارییەکی هەمیشەیی دەسەپێنێتە سەر بەشداربوو کە مانگانە پارەی لێ دەبڕێت؟
لە چ وڵاتێکی جیهان کۆمپانیا بە عەقدێک سیمکارتێک دەفرۆشێت و دوای ماوەیەک خزمەتگوزارییەکە بەبێ هیچ مۆڵەتێک لە بەشداربووەکەی گران دەکات، وەک سیمکارتە فرییەکان کە پێشدا بە شەش هەزار دینار پڕ دەکرایەوە و دوایی کرا بە دە هەزار دینار.
لە چ وڵاتێکی جیهان میللەتەکی پێکەوە یەکدەنگن کە خزمەتگوزاریی کۆمپانیاکەی لە دژیەتی و کەس ناتوانێ داوای مافی بکات.
ئەمەوێ ئەم کەیسەی کە بە زیانی من کۆتایی دێت بکەینە سەرەتایەک بۆ قبووڵنەکردنی هەر قۆرخکارییەک کە کۆمپانیاکانی پەیوەندیی تەلەفۆنی و ئینتەرنێتی لە دژی خەڵک بەکاری دەهێنن.
تکایە بفەرموون بۆ دروستکردنی کەمپەینێک بۆ بەرگریکردن لەو ماڵە بەهەدرخوراوانەی خەڵک، و گەڕاندنەوەی ماف بۆ هاوڵاتیانی مافخوراو لە هەزاران لاوە.
بانگهێشتی پارێزەران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیو کەسایەتی و مامۆستایانی ئاینیی بەڕێز دەکەم بۆ دروستکرنی قەڵغانێک بۆ داوایەکی ڕەوای خەڵک.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP