دواین هەواڵ

کلتور‌

 08/06/2023

لە نێوان لۆکە و شانازدا

بەیان ئیبراھیم

هونەر و فەرهەنگ و کلتور پێش بوارەکانی تری سیاسی و ئابوری هەتا جوگرافی و زمان و خاکیش بەهێزترین ناسنامەی نەتەوە و گەلێکە ، ئەوە فەرهەنگە مانا دەدا بە کلتور و زمان و خاک ، فەرهەنگ بە گشتی لە ڕۆمان و شانۆ و شیعر و چیرۆک و سەما و سینەما و مۆزیک و گۆرانیدا وێنەی  نیشاندانی فەیسی هەر نەتەوەیەکە ، هەر یەکێکمان زۆربەی نەتەوە و گەلەکانی دنیامان لە ڕێی ژانرەکانی فەرهەنگەوە ناسیوە پێش ئابوری و سیاسی ، ڕۆمانەکان و گۆرانیەکان و شانۆکان و سینەما و شیعرەکان زۆر نەتەوەی دنیایان بە ئێمە و زۆرێک لە نەتەوەکانی تری دنیا ناساندوە، تا ئاستی ئەوەی بەرهەمی نەتەوەیەک بوە بە جیهانی ( هۆگۆ ، شکسپیر ، کامۆ ، بتهۆڤین ، ڕەسول هەمزە ، بۆدلێر و حافز  و مۆرتێ و شەجەریان و یەشار کەمال و ...هتد ) ئێمەش وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی شوناس و فەرهەنگی خۆمانین ئەگەر لە مێژودا بەهۆی داگیرکاری و فراوانخوازییەوە دەوڵەتمان نەبوبێ و فەرهەنگمان نەناسرابێ ، ئەوا لە ئێستادا بە هۆێ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە سەربازی و ئابوری و سیاسیەکانەوە تا ئاستێک لە باشور و ڕۆژئاوا دەتوانین فەرهەنگمان پەرە پێبدەین بە جیهانی بناسێنین ، لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا داگیرکاری هونەری هەبوە لە لایەن وڵاتانی سەر دەستەوە بۆ فەرهەنگی ئێمە لە دیارترینیان حەسەن زیرەکە ، لە باکور و ڕۆژهەڵاتیش دەرفەتی ناساندنی فەرهەنگمان هەیە ، لەم نێوەندەدا لە ناو ژانرەکانی فەرهەنگدا مۆزیک و گۆرانی و سینەما ترۆپکن ، ئالێرەوە ئێمە لە سەرەتای گەشەسەندنی ئەم سێ بەشەین و دەبێ لایەنی بەرپرسی فەرهەنگی ڕۆشنبیری ڕەچاوی ئەمە بکەن کە هونەری باڵا و کرچ و کاڵ کاریگەری لەسەر چەمکی نەتەوەیی و شوناسی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەی هەیە و وەک هەر بوارێکی تر و  بگرە گرنگتریش کاری لەسەر بکرێ.

‎لە ئێستادا هەمو بوارەکانی فەرهەنگ بەربڵاوی و بەرهەمێکی زۆر بەرهەمدێت  ، بە باش و خراپەوە کە ئەمە ئەگەر لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆری گەورەوە بەری پێ نەگیرێ کار دەکاتە سەر ئەو وێنەیەی کە فەرهەنگ دەیدات بە دەرەوەی خۆی ، بە نمونە ئەو سەدان ڕۆمانانەی کە مانگانە بڵاو دەبنەوە و ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی ، یەکەمیان لەسەر ئاستی لۆکاڵیش ناخوێنرێتەوە و دوەمیان جیهانیە .

‎لەم نێوەندەدا لەسەر خاڵێکی بچوک وەک سمپڵ قسە دەکەین ، ئەویش بەرنامەکەی خانمە هونەرمەند شاناز زاهیرە ، کە بینەرێکی باشی هەیە ، هەر یەک لەم بەرنامانە وێنەی کورد و هەرێمی کوردستان دەدا بە دەرەوەی خۆی و دنیا ، کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بوارەکانی تر هەیە بە تایبەت ئەگەر ژنیش بێت ، لێرەوە قسە لەسەر ڕاقی بون هونەرێکی پوخت و باڵا دەکەین ، بواری گۆرانی و مۆزێک جێدەهێڵین بۆ ئەو مامۆستایانەی کە پسپۆرن لەم بوارەدا ، قسەی ئێمە لەسەر وێنە گشتییەکەیە بە تایبەت هونەری مۆزیک و گۆرانی ، ئەم خاتونەش ئەگەر لێمان زویر نەبێ بە نمونە باس دەکەین چونکە جێگەی گفتوگۆیەکی گشتی و چڕە.

‎جیاوازی لە نێوان لۆکە و شانازدا هەمان جیاوازیە لە نێوان هونەرێکی فەیک و بێتام و فول غەریزەیی و هونەرێکی بەرز و ڕۆحی ، هەمومان کاتێ سەیری بەرنامەکەی ئەم خانمە ئازیزە دەکەین و چێژی لێدەبینین ، نهێنی سەرسام بوون  ئەو جیاوازییە گەورەیە کە لە نیوان لۆکە و شانازدا دروست بوە ، بە دیوێکی تردا وێنەیەکی فەرهەنگی جوانی بە هەرێم بەخشیوە ، سەرەڕایی دنیایەک کەموکوڕی حکومداری لە هەرێمدا .

‎ بە مانایەکی تر زۆرێکمان ئەوەی لۆکەمان بە دڵ نیە ، بەڵام چێژی هونەرێکی جوان لە شانازدا دەبینین ، ئەگەر ورد تر بیبینین وەک نمونەی دیار سەیری بکەین ، دیمەنی میوانداری هونەرمەند ناسری ڕەزازی بوو کە شانازخان دوای ئەوەی لە لۆکەوە دەبێت بە شاناز و خزمەتی هونەر دەکات هونەرمەندێکی شارەزای گۆرانی و زمانزانێکی گەورەی وەک ڕەزازی دەستی ماچ دەکات ، کە دیمەنێکی هێندە جوان و گەورە بوو دەکرێ دنیایەک خوێندنەوەی بۆ بکرێ ، ڕەزازی هەرگیز ئامادە نەدەبوو بچێتە بەرنامەی لۆکە نەک دەستی ماچ بکات ، بەڵام لە شانازدا خۆی دەچەمێنێتەوە ، ئەمە ئەو مانایە دەگەیەنێ کە چەمینەوە بۆ ژن و ڕاقی بوون  و هونەری گەورە لای هەر یەکێکمان ئامادەگی هەیە و دەبێتە وێنەیەکی جوانیش بۆ کوردو ناسنامەی گەلێک،

‎لە کۆتاییدا دەکرێ بڵێین دەبێت ڕێگا لەو دیاردە و بەرهەمانە بگیرێت کە وێنەیەکی کرچ و کاڵی فەرهەنگمان دەدەن بە دەرەوە،
‎لەگەڵ ڕێزی بێ پایانم بۆ خاتونی هونەرمەند شانازخان ، هونەر و هونەرمەند گشتیە ،بەدەر لەئازادییە کەسیەکان دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP