دواین هەواڵ

کوردستان‌

 28/05/2023

یەکێتی وەڵامی پارتی دەداتەوە

هەرێم نیوز

فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هیچ لایەنێک ناتوانێت لە بابەتی بەریگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان موزایەدەمان بەسەردا بکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق،  لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ماوەی چەند رۆژێکە بەزمانێکی نەشیاو و نەگونجاو لەگەڵ پاییە و سەنگی پەرلەمانتاری، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان بەیاننامە و لێدوان بڵاودەکەنەوەو دەیانەوێ خەڵکی کوردستان جەواشە بکەن خەریکی  موزایدەی سواون".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و موراعەتکردنی ھەستیاری دۆخەکە و سەرقاڵبونمان بە چەسپاندنی داوا ڕەواکانی خەڵک لە بودجە، نەمانوویست وەڵامبدەینەوە و بچینە ئاستی ئەو زمانە نزم و نەشیاوەی ئەوان، تەنھا ئەوەندە دەڵێین، ھیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت لە مەسەلەی دیفاعکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لەبەغدا و پاراستنی ھەرێمی کوردستان و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا موزایدە بەسەر ئێمەوە بکات". 

ئەوەشى خستۆتەڕ,، "ھیچ ھێزێکی کوردستانی ھێندەی ئێمە پەرۆشی یەکریزی کوردستانی نەبوە لە بەغدا، ئەوە ئێمە نەبوین لەبەر پۆست ‌و بەرژەوەندی تەسکی حزبی یەکریزی بشکێنین".

ڕاشیگەیاندووە، "سەبارەت بەو ‌قسە بێسەروبەرانەی لەسەر قوباد تاڵەبانی دەکرێت گوایە پەیوەندی بە ھەندێک پەرلەمانتاری عێراقەوە کردوە، ئەمە هیچ بنەمایەکی نیە و ھەڵبەستراوە، کاک قوباد تەنھا پەیوەندی بەنوێنەری یەکێتی لە لیژنەی دارایی کردوە و رێنمایی کردوە کە بۆ چەسپابدنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەوڵبدات، تەنھا ئەوەندە دەڵێن، کاتێک ھەرێم لەبەردەم ھەڕەشەی گەورەی قەیرانی دارایی بو، ئێوە گاڵتەتان بەڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەھات و خەڵکی کوردستان بێموچە بون، کاک قوباد 11 جار سەرۆکایەتی وەفدی دانوستانکاری ھەرێمی کرد و 256 سەعات کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقیەکاندا کردو 50 رۆژ لە بەغدا ماییەوە تا 200 ملیارەکە دەستەبەر بکات". 

ئەوەش خراوەتەڕو، "رێگا ڕاستەکە تەبایی و یەکریزی کوردستانی ڕاستەقینەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، مەترسی ڕاستەقینەش لەسەر ھەرێم پەرتەوازەیی و ئاژاوەی سیاسی و گووتاری بوغرایی ئاست نزمی سیاسیە". 

شەوی 25ی ئەم مانگە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق مادەکانی 13 و 14ی لە پرۆژەیاسای رەشنوسی بودجەی عێراقی پەسندکرد دوای گۆڕانکاری لەو بڕگانەی پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، گۆڕانکاریەکە مشتومڕی زۆریان بەدوای خۆیدا هێنا.

گۆڕانکاریەکان تایبەت بە پشکی هەرێم لە لایەن ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە پێشکش کرابون، لە کاتێکدا ئەندامانی پارتی دەنگییان پێنەداوە و یەکگرتوی ئیسلامیش تەنها دەنگی بەبڕگەیەکیان داوە کە تایبەت بوە بە دانەوەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران، بەڵام یەکێتی دەنگی بە پرۆژە یاساکە داوە.

لەبەشێکی پڕۆژەیاساکەدا هاتوە، پارێزگای ناڕازی دەتوانێت ناڕازی بونی خۆی دەرببڕێت، ئەوکات بەغدا بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە بەجیا لەهەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەم بڕگەیە نیگەرانی لەسەر داهاتوی یەکگرتویی هەرێمی کوردستان دروستکردوە بە تایبەت کە پێشتر بەرپرسانی یەکێتی و پارتی ناکۆکبون لەسەر چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ بەشە بودجە و داهاتی سلێمانی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP