دواین هەواڵ

عێراق‌

 25/05/2023

سەبارەت بە دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە زانیاری نوێ دەخرێتە روو

هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری کارگێڕی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، تائێستا زیاتر لە پێنج جار لیستی یەکەمەکانی زانکۆ و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانیان بۆ دامەزراندن بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ناردووە، دەشڵێت، بەو پێیە هەرجارە و لیستەکە کەمکراوەتەوە، ئەوان دەیانەوێت تەنیا نزیکەی دوو هەزار کەس دابمەزرێنن و بیانوو دەدۆزنەوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، لەبارەی پێشهاتەکانی بەردەم دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند" ئێمە لەمانگی ئۆکتۆبەری پارەوە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بەردەوامین لە هەماهەنگی لەسەر ئەو پرسە کە تایبەتە بە دەرچووانی ساڵی 2017 تاوەکو 2022 ، چەندین جار لیستی ناوەکانیان پێگۆڕیوین و جیایان کردوونەتەوە و داوای ناردنیان بە فۆنتی عەرەبی کردووە."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە هەموومان کردووەتەوە و بۆمان ناردوونەتەوە، بەڵام پاساوەکانی ئەوان لەو داواکارییە بەردەوامانە و گۆڕین و جیاکردنەوەی لیستەکان لەو ماوە زۆرە کە هەشت مانگ دەبێت بۆ ئەوەیە کەمترین کەس دابمەزرێنن".

دەشڵێت، "بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو دوایین لیستیان بۆ بنێرین کە نزیکەی دوو هەزار کەس دەبێت".

باسی لەوەشکرد، سەرەتا ئەوان لیستی یەکەمەکانی زانکۆ کە نزیکەی 10 هەزار کەس دەبن و هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کە ژمارەیان هەزار کەس دەبن، لەگەڵ دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان کە نزیکەی دوو هەزار و 500 کەس دەبن بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق ناردووە، بەڵام دواتر داوای جیاکردنەوەیان کرد، دواتر داوای جیاکردنەوەی لیستی دەرچووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیان کردووە، "بەو پێیە هەرجارە و لیستەکە کەمکراوەتەوە، ئەوان دەیانەوێت تەنیا نزیکەی دوو هەزار کەس دابمەزرێنن و بیانوو دەدۆزنەوە."

ڕاشیگه‌یاند، بەغدا دەیەوێت ئەو لیستە تەنیا ئەوانە بگرێتەوە کە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی کوردستان ئەوانەی لەلایەن ئەوانەوە دانپێدانراون بگرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، "لە دوایین داواکاری، داوای جیاکردنەوەی لیستی ئەو کەسانەیان کردووە کە لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئەوەشمان ئامادەکردووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆیان بنێرین."

بەختیار حاجی بەڕێوەبەری گشتی لە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رایگەیاند ، "سەردانی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵییان کردووە و داوایان کرد ماوەی پێشکەشکردنی لیستی ناوی یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتووی ناوچە جێناکۆکەکانن، درێژبکرێتەوە بۆ رۆژی 08-06-2023."

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی رەزامەندیی لەسەر درێژکردنەوەی پێشکێشکردنی لیستی ناوەکان دەربڕیوە و "پێویست ناکات بێنە بەغدا و نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو دەکات و کۆدەکان لە رێگەی وەزارەتەوە دەگاتە دەست یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP