دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 23/05/2023

پارە گرنگترە لە عیشق"

شێركۆ كرمانج

دوێنێ کەسێکی نزیکم پێیگوتم کاک شێرکۆ ئەو کلیپەی فڵانەکەست دیوە. گوتم کێ گوتی فڵانەکەس، گوتم چ دەڵێت گوتی دەڵێت "پارە گرنگترە لە عیشق چونکە پارە دەتوانێت عیشق بکڕێت". گوتم ئەدی ئەتو دەڵێی چی؟ گوتی وەڵا ئەمنیش پێموایە پارە دەتوانێت عیشق بکڕێت. گوتم ئەوە بە جددیتە پارە دەتوانێت عیشق بکڕێت؟ گوتی ئا کاک شێرکۆ ئێستا پارەم هەبی دەتوانم هەر کچێک کە حەز بکەم بیهێنم.

پێش ئەوەی وەڵامی خۆم بنووسم، دەمەوێت دوو شت ڕوون بکەمەوە.

یەکەم، من عیشق و خۆشەویستی لێکجیادەکەمەوە لای من دوو چەمکی جیاوازن بەڵام بۆ خاتری ئەم پۆستە و لەبەرئەوەی کە هەم خاوەن کڵیپەکە هەم کەسە نزیکەکەم بە هەمان مانا بەکاری دێنن، با وا دابنێنین عیشق و خۆشەویستی یەک شتن، یەک چەمکن.

دووەم، من حەزم نەکرد کە ناوی ئەو کەسە بێنم کە لە کلیپەکە ئەو قسەیەی کردووە چونکە لای من قسەکردن لەسەر تێگەیشتنەکە گرنگە نەک کەسەکە. من ڕەخنەی ئەو تێگەیشتنە دەکەم نەک کەسەکە بشکێنم وەک زۆربەی ڕەخنەگرانی کورد کە هیچ بەلای نووسین و دەق و تێگەیشتنەکاندا ناڕۆن کەچی کەسەکە دەدەنە بەر ڕەخنە و پێگەی کەسایەتی و بڕوانامەی کەسەکە بنکۆڵ دەکەن.
بەهەرحاڵ. بەکورتی، من گوتم کاکە برا، پارە ناتوانێت عیشق بکڕێت بەڵکو دەتوانێت مرۆڤ بکڕێت. ئەوەی بۆ پارە شوت پێدەکات ئەوە نە عەشقی تۆیە نە تۆی خۆشدەوێت بەڵکو ئەوە عەشقی پارەیە و بۆ پارە نەک لەبەر خۆشەویستی تۆ شوو بە تۆ دەکات.

لەم کیلپە و لەو تێگەیشتنەی ئەو دۆستە دوو شتم بۆ ڕوون بۆوە و واچاکە دوو وانەی لێوەرگرین:

یەکەم، هەندێک کەس کە لە توڕەییەوە قسە دەکەن، هەندێک جار منیش، ئەوە ئامانج نەک ناپێکن بەڵكو خەڵکیش بەلاڕێدا دەبەن. بۆیە وەک پەرچەکردار نە شت بنووسە نە پرس و ڕووداوەکان هەڵسەنگێنە.

دووەم، من وا هەست دەکەم کە توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە لای خەڵکانێکی زۆر لەم وڵاتەی ئێمە زۆر کەمە، هەر کەسێک قسەیەک دەکات ئەوانی دیکە وەک توتی، بەبەغا، بەبێ بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن و ڕەخنەکردن یەکسەر قەبوڵی دەکەن، دەیڵێنەوە. بۆیە، زۆر گرنگە وەزارەتی پەروەردە، دایکان و باوکان، میدیا و ڕێکخراوەکان، زۆر گرنگی بە بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بدەن. منداڵان و گەنجان فێر بکەن بیربکەنەوە، نەک تەلقینیان بدەن. فێریان بکەن نووسینەکان و دەقەکان و کیلپەکان هەڵسەنگێنن نەک لەبەربکەن. فێریان بکەن شتەکانی ئەو دیو شتەکان ببینن نەک بەس شتەکان. فێریان بکەن کە وەک ئەوان نەبن، جیاواز بن، نەک بیانکەن بە خۆیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP