هەرێم نیوز
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، ئەوەی لە ئێستادا بەشێک لە هاوڵاتیان ژمارەیەک لە رێگاکانیان گرتوە، بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی هاتوچۆی بارهەڵگرەکانە، کە ئەوەش پەیوەندیدار نیە بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، دەشڵێت، "چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای کۆیە- هەولێرە بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە، لەپلانی ئەمساڵیشدا بۆ جارێکی تر داوای بودجەمان کردوە بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە".
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەڕونکردنەوەیەکدا بۆ رایگشتی بڵاویکردەوە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وەک وەزارەتێکی خزمەتگوزار، ئەرکی سەرشانیەتی ئەوەی لەتوانایدا بێت بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان درێغی ناکات، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی پێویستیان بە چاککردن و دروستکردنی رێگا هەیە، لەمڕوەوە لە تەمەنی کابینەی نۆیەمدا سەرباری قەیرانەکان و ئەوەی لە تواناو دەسەڵاتی وەزارەتدا بوە، ژمارەیەکی بەرچاو پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامداوە، هەربۆیە هەمیشە خزمەتکردنمان بە ئەرک زانیوە بەرامبەر هاونیشتیمانیان لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.
راشیگەیاندوە، ئەوەی لە ئێستادا بەشێک لە هاوڵاتیان ژمارەیەک لە رێگاکانیان گرتوە، بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی هاتوچۆی بارهەڵگرەکانە، کە ئەوەش پەیوەندیدار نیە بەوەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە، بەڵکو پێویستە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکان ئەو بڕیارە بدەن.
رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر و سلێمانی، جگە لە رێگای کەرکوک پێکهاتوە لەم رێگایانە:
ا- رێگای هەولێر-کۆیە-دوکان
ب-رێگای هەولێر-سماقوڵی-دوکان
ج-رێگای هیران-شەقڵاوە
د- رێگای دۆڵی بالیسان
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن باسی لەوەشکردوە، "هەر چوار رێگاکە لاوەکین و رێگای بەستنەوەی نێوان هەولێر بۆ سلێمانین و بە پێچەوانەشەوە، کە ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر گوزەری پێدا دەکەن، کە بە نزیکەیی بریتیە لە 15 ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و تێیدا سێ هەزار تانکەر و بارهەڵگرن و زۆربەی بارهەڵگرەکان رۆژانە بە رێگای سماقوڵی گوزەر دەکەن".
ئەوەشیخستۆتەڕو، "ئێمە وەک وەزارەت هەوڵی تەواومان داوە و دەیدەین بۆ باشکردنی باری رێگاوبانەکان و نۆژەنکردنەوەیان، بۆ نمونە هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەم لە ساڵی 2019 بە بڕی نزیکەی 42 ملیار دینار، زۆربەی رێگاکانی هەرێمی کوردستان چاککرانەوە و لە دۆخێکی زۆر خراپەوە گۆڕان بۆ رێگایەک کە لە خزمەت هاوڵاتیانی کوردستان بن و بتوانن بەکاریبهێنن، دواتریش بەردەوام بەپێی ئەو توانایەی لە بەردەستدا بوە چاککردنەوە لە ڕێگاکان بەردەوام بوە".
ئاماژەی بۆئەوەشکردوە، "جەختدەکەینەوە لەسەرئەوەی بە بڕوای ئێمە چارەسەری سەرەکی بۆ کێشەی هاتوچۆ لە نێوان هەولێر و سلێمانی تەواوکردنی رێگای هەولێر کۆیەیە (بە هەر پێنج قۆناغەکەیەوە) کە لە ساڵانی ڕابردو وەک وەزارەت هەوڵی زۆرمان داوە و چەندینجار داوامانکردوە کە بودجەی بۆ تەرخانبکرێت، بەڵام بەداخەوە بە هۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە ئەم پرۆژە گرنگە دەستپێبکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە لە پلانی بودجەی 2023 وەک وەزارەت داوای بودجەی پێویستمانکردوە بۆ دەستپێکردنەوە و تەواوکردنی".
وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەشڵێت، "تیمەکانی چاککردنەوەو پاراستنی رێگاوبانەکانی سەر بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، وەک چۆن لە رابردو هەمیشە لەخزمەتی هاونیشتیمانیان و نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان بوە، لەئێستاشدا تیمەکان دەخەینە خزمەتی هاوڵاتیان بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو رێگا لاوەکیانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە بە پێی ئەو توانایەی لە بەردەستمان دەبێت".