دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 18/04/2023

شەری سلێمانی یان هەڵهاتن لەبەر پرسیارێتی؟

ماوەى چەند مانگێکە تیمى وزارى بەسەرکردایەتى قوباد تاڵەبانى جێگری سەرۆک وەزیرانى حکومەتی هەرێمی کوردستان بایکۆتى دانیشتنەکانیان کردوە، سەرەڕای بانگهێشت و داواکردن بۆ گەڕانەوە بەڵام تا ئێستاش سوورن لەسەر نەگەڕانەوەولە کۆبونەوەى ئەم چەند رۆژەى تیمەکەى خۆشیاندا جەختیان لەسەر نەگەڕانەوە کردوە، ئەوە لە کاتێکدا بافل تاڵەبانى هاوسەرۆکی یەکێتى جەختى لەوەدەکردەوە کە چاوەڕوانى تەلەفۆنێکن، کەچى نەک هەر بەتەلەفۆن، بەڵکو بە بانگهێشتى فەرمی دیوانى ئەنجومەنى وەزیرانیش نەگەڕانەوە، ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم هەنگاوە دوابڕیارو بن بەستە یان شەڕی پارچە گەوەرەکەى کێکەکە دەکەن؟ شەراکەت یان ڕاکردن لە بەرپرسیارێتى؟

لەدواى ڕێککەوتنى واشنتۆنی نێوان یەکێتى و پارتى لە 1998 تا ئێستا هەرچى هەنگاوێکی گرنگ یان گۆڕانکارییەک ڕویدابێت پێکەوە بوون و بە ئاماژەیەک لەیەکتریی تێگەشتوون، سەرەڕای ئەوەى ناکۆکی و دیدگاى جیاوازیشیان بۆ مەسەلەکانیش بووبێت، ئەو ناکۆکییانەش لە ڕوى ئۆرگانى، سیاسی، ستراتیژ و چۆنیەتى تێگەیشتن لە دۆخەکان بە ئاسایی وەرگیراوە و مامەڵەیان لەگەڵ کراوەو دواى تێپەڕاندنى دۆخەکە هەردولا گەڕاونەتەوە سەر دۆخە سروشتی و چاوەڕوانکراوەکە، بەجۆرێک دەبێت بگوترێت هەردولا شەریکى ڕاستەقینەى فەرمانڕەوایی بوون و پێکەوە شانیان داوەتە ژێر باری بەرپرسیارێتییەکان، ئەمەش لەسەر هەموو ئاستەکان ڕەنگدانەوەى هەبووە، بەڵام ئەمجارەیان بەپێچەوانەى جارانەوەیەو لەڕاستیشدا چاوەڕوان نەکراوبووە.

لەسەروبەندی چارەسەرى بڕیاری دادگاى پاریس دا لەبارەى نەوتى هەرێمی کوردستان و ناردنى شاندی حکومەت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانى عێراق، سەرۆک وەزیرانى هەرێمی کوردستان داواى لەیەکێتى کرد لەم دۆخەدا لەگەڵ حکومەت و خەڵکدا بمێننەوە ئەگینا دواتر مافی ئەوەیان نامێنێت خۆیان بکەن بەخاوەنى سەرکەوتنەکان، کاتێکیش گفتوگۆکان بەرەو سەرکەوتن دەچێت ئەوان رەخنەى لێدەگرن و دەیانەوێت پیتکەى لێبدۆزنەوە، هەربۆیە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئەوەى کە لە ئێستادا یەکێتى دەیکات خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێـتى مێژویی و جێهێشتنى خەڵکە و هیچى تر.
یەک تیمى نەک تیمی حیزبی: ئەشواق جاف کادری پێشکەوتووى پارتى و ئەندامى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە هەرێم نیوزی ڕاگەیاندووە مەسرور بارزانى باوەڕی بە یەک تیمی هەیە و پێى وایە ئەگەر یەکێتى کێشەیەک یان ڕەخنەیەکیان هەیە بفەرموون لە ئەنجومەنى وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکات و هەر بڕیارێک لەوێوە درا هەمویان پێوەى پابەند دەبین، خۆ ئەگەر کێشەکەشیان سیاسییە با لێی گەڕێین هەردوو مەکتەبی سیاسی کێشەکە چارەسەر بکەن.

یەکێتى؛ کێشەکان سیاسین نەک حکومى ڕێزانى شێخ دلێر پەرلەمانتاری پێشووى یەکێتى لە ئەنجومەنى نوێنەران بە هەمان رۆژنامەى سەباحی عێراقی گوتوە، کێشەکانى یەکێتى حکومى نین و سیاسین و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەداى حکومەتەوە نییە، هەر کات  هەردوو حیزب لەیەک نزیک بونەوە ئۆتۆماتیکی کێشەى بایکۆتى تیمی یەکێتی کۆتایی دێت و قوباد تاڵەبانى و هاوڕێکانى دەگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەکانی ئەنجومەنى وەزیران. یەکلایی نەبوونەوە لە لایەکی ترەوە بۆچونێک لەنێو یەکێتیدا هاتوەتە کایەوە کە باس لەوە دەکات تیمی یەکێتى قازانجیەتى لەنێو حکومەت و کۆبونەوەکاندا بمێنێتەوە، غەیاس سورچی بە رۆژنامەى سەباحى عێراقى ڕاگەیاندووە یەکەمجار نییە تیمی یەکێتى بە نیگەرانییەوە بایکۆتى دانیشتنەکانی ئەنجومەنى وەزیران دەکات،

بەڵام کاتێک چارەسەری کێشەکان دەکرێت دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، لە ئێستاشدا وەزیرەکانى یەکێتى کارەکانى خۆیان دەکەن، تەنها ئەوەندەیە بەشداریی کۆبونەوەکان ناکەن، لە ئێستاشدا کە هەندێک لە کێشەکان، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە هەیە ، ئەوان دەبێت بگوترێت کە بۆچوونەکان بەرەو ئەرێنى و نزیکبونەوە دەچن.

ئەو بەرپرسەى یەکێتى بە رۆژنامەکەى گوتوە؛ بەزوترین کات شاندێکی پارتى سەردانى سلێمانى دەکەن، بۆئەوەى قەناعەت بە قوبادتاڵەبانى بهێنن کە بگەڕێنەوە بۆ سەر کارەکانیان، و هەروەها گوتوشیەتى  کۆمەڵێک کێشەى بنەرەتى لەنێوان هەردوو حیزبدا هەیە دەبێت چارەسەر بکرێت. پێناچێت یەکێتی بگەرێتەوە هەرچەندە لەماوەی پێشوودا و بەشێوەی فەرمی و ئاشکرا چەندجارێک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم داوای لەتیمی یەکێتی کرد بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکان، دواتریش خودی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لەچەند بۆنەیەکدا داوای گەڕانەوەی تیمی یەکێتی کرد، بەڵام وەک چاودێرانی سیاسی باسی دەکەن، پێدەچێ یەکێتی ئەو دۆخەکە درێژە پێبدات هەتا هەڵبژاردن و بییەوێت بیکات بەبەشێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەرچی یەکێتی تائێستا کار بۆ ئەوە دەکات لە ئەمساڵدا هەڵبژارد نەکرێت و بکەوێتە ساڵی داهاتووە،

وێڕای دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە. چاودێران پێشیان وایە یەکێتی ئەگەر بەجدی خەمی سلێمانییەتی، ئەوە دەبێت شەڕی خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری لەئەنجومەنی وەزیراندا بکرێت، نەک خۆدزینەوە لەکۆبونەوەکان و لەدورە توانج بگرێت، خۆ ئەگەر قوباد تاڵەبانی، نەتوانێت قسە لەگەڵ مەسرور بارزانی بکات و قەناعەتی پێبکات، چۆن دەتوانێت کۆبونەوەکان جێبهێڵێت، قەناعەت بەخەڵکی سلێمانی بکات کەلەبەر خاتری ئەوان ناچێتەوە کۆبونەوەکان. هەرچەندە بایکۆتی تیمی یەکێتی بەهۆی کەیسی تیرۆرکردنی هاوکار جاف، کارمەندی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە بوو، نەک هیچ شتێکی تر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP