دواین هەواڵ

ئابوری‌

 26/03/2023

نەوزاد کامیل: بەشی شەش مانگ خۆراکی پێویستمان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم رایگەیاند، کوالێتیی ماددەکانی بەشەخۆراک بەرزبووەتەوە، بەشەخۆراکی مانگی سێ هاتووە و لە کۆگەکان لای بریکارەکانە و لەم رۆژانەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەمە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا بەشەخۆراکی زیادەی مانگی رەمەزان دابەشدەکرێت.

وتیشی، "بەردەوام رۆژانە ماددە خۆراکییەکان دەگاتە هەرێمی کوردستان، دوێنێ 60 تۆن ئاردی سفر بۆ سلێمانی هاتووە، ئەمڕۆ 7 بارهەڵگر دەگاتە سلێمانی، زیاتر لە 60 تۆن ئارد بۆ هەولێر هاتووە، شەعرییەکەش بۆ هەر سێ شارەکانی دهۆک، سلێمانی و هەولێر گەیشتووە، بەڵام فەرمان هەیە لە هەمووی عێراق ماددە خۆراکییەکان بەیەکەوە دابەش بکرێن.''

ئاشکراشیکرد، بەشەخۆراکی مانگی سێ هاتووە و لە کۆگەکان لای بریکارەکانە و لەم رۆژانەدا دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

لەبارەی کوالێتی کاڵاکان نەوزاد کامیل ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا دۆشاوەکە، لە جۆری ئاڵتونسایە کە لە هەرێمی کوردستان زۆربەی خەڵک هەر ئەم دۆشاوە بەکاردێنن، تەنیا برنجەکە کێشەی هەیە و ئێمەش گلەیی خەڵکمان گەیاندووەتە وەزارەتی بازرگانی عێراق".

نەوزاد کامیل لەبارەی بوونی خۆراک لە کۆگاکان دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان و دەڵێت، ''بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئێستا هەر چوار دەروازە سنوورییەکانمان لێ دابخرێن، ئێمە بەشی شەش مانگ خۆراکی پێویستمان بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەیە.''

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP