هەرێم نیوز
دوای دوو ڕۆژ لە دانوستان لە جنێڤ، ئەمریکا و چین بەبێ ئەوەی وردەکارییەکان بڵاوبکەنەوە، ڕایانگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی ئابووریلە نێوانیان و بڕیارە میکانیزمێکی نوێ بۆ ڕاوێژکاریی ئابووری دەستپێبکات.
هەرچەندە تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی کەمکردنەوەی ڕێژەی پێناسی گومرگی لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕانەگەیەندراوە، بەڵام هەردوولا باسیان لە "پێشکەوتنی بەرچاو" و "تێگەیشتنی گرنگ" کردووە.
هەردوولا دەڵێن پێشکەوتن هەبووە و ڕێگریکردن لە شەڕی گومرگی نێوان هەردوو وڵات بەدیهاتووە.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی ئابووریی ئەو دوو وڵاتە بوو لە دوای دەستپێکردنی ئەو باجە زۆرانەی ترەمپ بەسەر چین و وڵاتانی دیکەیدا سەپاند و چینیش لە وەڵامدا باجی بەسەر ئەمریکادا سەپاند.
بازاڕەکانی بۆرسە لە شەنگەهای و هۆنگ کۆنگ دوای دانوستانە بازرگانییە ئەرێنییەکانی نێوان چین و ئەمریکا لە جنێڤ بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی و نرخی یوانی چینی بەرزبووەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی هاوبەش بە وردەکاری زیاترەوە بڵاوبکرێتەوە.