هەرێم نیوز
بەگوێرەی تۆڕی "سکای نیوز"ی بەریتانی، پێشبینیدەکرێت لەماوەی چەند هەفتەیەکدا پلانەکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ گواستنەوەی کۆچبەران لەهۆتێلەکانەوە بۆ بنکە سەربازییەکانیان تەنانەت کەشتییە جێهێڵراوەکان ڕابگەیەنرێت.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پێناچێت پێشنیازەکانی پێشوو بۆ بەکارهێنانی کەمپەکانی پشودانو داخلی خوێندکاران بۆ نیشتەجێکردنی کۆچبەران جێبەجێبکرێن، حکومەتیش ئاماژەی بەوەکردوە کە دەیەوێت کۆتایی بەبەکارهێنانی هۆتێلەکان بۆ نیشتەجێکردنی پەناخوازان بهێنێت.
لەوبارەیەوە وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕایگەیاندوە، بەردەوام باسمان لەو گوشارە گەورەیە کردوە کە سیستەمی پەنابەریمان لەئەنجامی زیادبونی گەشتە نایاساییو مەترسیدارەکان بۆ وڵاتەکەمان لەسەریەتی.
هەروەک وتویەتی، "لەسەر ئاستی حکومەتو دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بەردەوامدەبین لەدیاریکردنی بژاردەکانی مانەوەی پەنابەران لەوڵاتەکەماندا".
لەماوەی ڕابردودا حکومەتی بەریتانیا وردەکاریی پڕۆژەیاسایەکی نوێی ئاشکراکرد کە بەگوێرهى ئەوە مافی پەنابەریی ئەو ئەوکەسانە ڕەتدەکرێتەوە کە بەبەلەمی بچوکو لەڕێگهی کەناڵی ئینگلزییەوە دەگەنە بەریتانیا، ئەم پێشنیازەش لەلایەن بەشێک لەڕێکخراوە مرۆییەکانەوە ڕەخنەی لێگیرا بەوەی کردەیی نییەو مافی هەزاران کەسی شایستە بۆ داواکردنی مافی پەنابەریی بەتاوان هەژماردەکات.