دواین هەواڵ

کوردستان‌

 23/03/2023

سلێمانی گۆرانکاری لە کاتی بانگدا دەکرێت

هەرێم نیوز

بەبڕیاری لیژنەی فەتوا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، گۆڕانكاری لەكاتی ‏بانگەکاندا دەكرێت ‌و گۆڕانكارییەكانیش زۆرتر لە كاتی بانگی بەیانی‌ و ‏عەسردایە؛ گۆڕانکاریی بانگی ئێوارەش نزیکەی 5 خولەکە.

د. محەممەد عەبدوڵڵا، سەرۆكی لیژنەی پێداچوونەوە بە خشتەی كاتی ‏بانگەكان لە سنووری سلێمانی راگەیاند، ‏بەشێوەیەكی "زانستی ‌و شەرعی" ئەو گۆڕانكارییانەیان كردووە ‌و گوتی: ‏‏"نزیكەی 30 ساڵە ئەو خشتەی بانگدانە هەیە و هیچ ‏گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، هەندێك لە مامۆستایان بەتایبەت لە ‏رەمەزانی رابردوودا رەخنە ئەوەیان هەبوو كە زووتر بانگ دەدرێت. دوای ‏پێداچوونەوە بۆمان دەركەوت قسەكەیان راستە، بۆیە ئەو گۆڕانكارییانەمان ‏كرد."‏

لەبارەی گۆڕانكارییەكان ‌و ئەو كاتانەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە. ‏د. محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، "گۆڕانكارییەكان بەپێی مانگەكان ‏جیاوازە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كاتی بانگدانی بەیانی ‌و عەسر زۆر ‏گۆڕاوە، بەیانی نزیكەی حەوت خولەك ‌و عەسریش نزیكەی 15 خولەك ‏درەنگتر بانگ دەدرێت، بۆ نوێژی نیوەڕۆ، ئێوارە ‌و خەوتنانیش نزیكەی ‏پێنج خولەك درەنگتر بانگ دەدرێت."

سەرۆكی لیژنەی پێداچوونەوە بەخشتەی كاتی بانگەكان لە سنووری ‏سلێمانی داوا لە خەڵك دەكات لەپێناو ئەوەی تووشی گرفت نەبن ‏بەرنامەی كاتی بانگدانی مۆبایلەكانیان ئەبدەیت بكەنەوە.

د. محەممەد ‏گوتی، "گۆڕانكاری لە كاتی بانگدان دەبووایە لە سەرجەم ناوچەکانی كوردستاندا ‏بكرایە، ئێمە لە سلێمانی زووتر ئەو كارەمان كرد، بەڵام لە هەولێر ‌و دهۆك ‏فریانەكەوتن، بۆیە بڕیارە دوای رەمەزان لە دوو شارەش گۆڕانكارییەكانی ‏كاتی بانگدان بكرێن."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP