هەرێم نیوز
هەسەدە راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی دهۆک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، نۆ چەکداریان بەهۆی کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەر لە سنووری هەرێمی کوردستان "شەهید بوونە". دەشڵێت، هێلیکۆپتەرەکان بەهۆی "نالەباری کەشوهەواوە" کەوتووەنەتە خوارەوە.
داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات هاوکاربن لەگەڵیان بۆ گەڕاندنەوەی "تەرمی شەهیدەکان" بۆ رۆژئاوای کوردستان.
ئەمڕۆ هەینی هێزەکانی سووریای دیمواکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێکی لەبارەی رووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی دهۆک بڵاوکردەوە، تێیدا هاتووە: لە چوارچێوەی چاڵاکی و هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی شانەکانی داعش، گرووپێکی یەکینەکانی دژە تیرۆ (YAT)، کە سەر بە هێزەکانمانەوەیە، بەرەو "هەرێمی باشووری کوردستان" ڕۆیشتن بەمەبەستی ئالۆگۆڕکردنی شارەزای ئەمنی و سەربازی، کە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی شەڕکردن و ئەمنی یەکینەکان بۆ بەردەوامدان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی دانیشتووانی ناوچەکانی "باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا".
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی هەسەدە، لەمیانی گواستنەوەی یەکینەکان بۆ شاری سلێمانی لە ئێوارەی 15ـی ئادار/مارسی 2023، "دوو هێلیکۆپتەرمان بەهۆی نالەباری کەشوهەوا کەوتنە خوارەوە."
وەکو ئەوەی هەسەدە بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی کەتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە، "نۆ چەکدارمان بەسەرۆکایەتی شەرەڤان کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆر شەهیدبوون."
هەسەدە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە "هەرێمی باشووری کوردستان" دەکات هاوکاربن لەگەڵیان بۆ رادەستکردنەوەی "تەرمی شەهیدەکان" و ڕەوانەکردنیان بۆ ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی رووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێک لە سنووری دهۆک رایگەیاند: "دوو هێلیکۆپتەر بوونە یەکێکیان کەوتووە و ئەوەی دیکەش رۆشتووە، دەزگاکانی ئەمنی لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە".
گوتیشی: "هیچ هێزێکی کوردی لەو جۆرە هێلیکۆپتەرانەی نییە، بەڵام ئەو تەرمانەی لەناویدا بوونە هی چەکدارانەی پەکەکەن، تائێستا ئاشکرا نەکراوە، هێلیکۆپتەرەکە هی کام دەوڵەتە".
پارێزگاری دهۆک، جەختیکردەوە: "چەکدارانی پەکەکە لەناو هێلیکۆپتەرەکەدا بوونە، بەڵام نازانرێت ئەو هێلیکۆپتەرە هی کام وڵات و ویستویانە بۆ کام دەوڵەت بیان بەن".
شەوی چوارشەممە، 15ی ئاداری 2023، کاتژمێر 08:40، هێلیکۆپتەرێک لە نزیک گوندی بێرکیات لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک کەوتە خوارەوە و تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا.