هەرێم نیوز
نووسینگهی لاهوور شێخ جهنگی لەبارەی هەڵکوتانە سەر باخەکەی لە گوندی کێلەسپی لە شاری سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ گروپێكی لهیاسادهرچوو لە رێگەی هێزێکی چەکدارەوە بە بێ فەرمانی دادوەر و بێ هیچ بیانوویەک هەڵیانکوتاوەتە سەر باخی لاهور شێخ جەنگی لە گوندی کێلەسپی لە شاری سلێمانی".
دەقی روونکردنەوەکەی نوسینگەی لاهور شێخ جەنگی:
ڕوونکردنەوەیەک لە نوسینگەی لاهور شێخ جەنگییەوە
وەک ئاشکرایە لە دوای ڕووداوەکانی ٨ـی تەمووزەوە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی حیزبەکەی پەنای بردۆتە بەر یاسا و هەموو هەوڵێکیشی بەو ئاڕاستەیە بووە، بەڵام لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگا و گەڕانەوەی مافەکانی وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گروپ و تاقمێکی لە یاسادەرچوو کە دەستیان سوورە بە شەهیدکردنی چەند هەڤاڵێکمان هەوڵی ئاژاوەگێڕیی دەدەن، هەر بۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو گروپە لە یاسادەرچووە لە ڕێگەی هێزێکی چەکدارەوە بە بێ فەرمانی دادوەر و بێ هیچ بیانوویەک هەڵیانکوتاوەتە سەر باخی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی لە گوندی کێلەسپی لە شاری سلێمانی، لە کاتێکدا ئەو باخە دوو ساڵە بەکار نەهاتووە و هیچ هێزێکیشی لێ نییە، تەنیا چەند کەسێک کە خەڵکی ئەو ناوچەیەن وەک کارگوزار و باخەوان کاریان کردووە.
لەگەڵ ئەوەی سەلامەتیی ژیانی ئەو کەسانەی لەو باخە کاریان کردووە دەخەینە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، لەهەمانکاتدا هەموو ڕێکارێکی پێویست دەگرینە بەر دژی ئەو یاساشکێنییە، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کونسوڵخانەی وڵاتان و دیبلۆماتکاران و نەتەوەیەکگرتووەکان لەم کارە مەترسیدارە ئاگادار دەکەینەوە کە لەسەر دەستی ئەو تاقمە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستی پێکردووە و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییان و کار و پیشەی کاسبکاران و جوڵەی بازرگانەکان خراوەتە مەترسییەوە.
دووپاتیدەکەینەوە کە ئەو تاقمە لە یاسادەرچووە باجی ئەو کارە نابەجێ و ناپەسەندەیان دەدەن و پیلانەکانیشیان لە زووترین کاتدا پووچەڵ دەکرێتەوە، هەموو یەکێتییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو کارانە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی سوورتر دەکات لە هەوڵەکانی بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لارەی کە ئەو تاقمە لە یاسادەرچووە بەسەر یەکێتی و دەڤەری سلێمانیدا سەپاندوویانە.
نوسینگەی بەرێز لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان