دواین هەواڵ

کلتور‌

 01/03/2023

دیالەکتیکی نێوان زمان و شیعر

بەیان ئیبراهیم 

قسەیەکی کورت بۆ کوڕبەندەکانی ڕۆژی زمان.

‎ئەوەی مرۆڤ وەک گیاندارێک جیا دەکاتەوە لە گیاندارەکانی تر بونی هوشمەندیە، هەر لەگەڵ قۆناغی مرۆڤی هۆشمەندەوە یەکێک لە بناغەترین جۆری پەیوەندی بونی زمان بوە بۆ لێک تێگەشتن و بەڕێوەردنی ژیان، زمان بە پێی قۆناغەکان و جوگرافیاکان و ژینگەی کۆمەڵایەتی و سروشتیەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە و بەرەو پێش چوە، ئەگەر زمان بریتی بێت لە ( بون ) ئەوا ئەرکی پاراستن و گەشەسەندنی زمان ماڵی شیعر بوە، واتا شیعر زمانە و زمانیش لە ژینگەی شیعریدا پێدەگات، بە مانایەکی تر هەر لە سەرەتای زمانەوە بە شێوەی شیعر بوە، شیعریش بوەتە بنەمای گۆرانی کە لە پەرستگاکاندا بە شێوەی سرود وتراوە، لە مانای دوەمی شیعردا هیچ مرۆڤێ بەدەر نیە لە شیعر، واتا مرۆڤ لە دەرەوەی کایەی شیعری نیە، بۆیە زمان بە گشتی زمانی شیعری گشتی بوە تا ئەو ئاستەی شیعر گوتاری گشتی بوە، لێرەوە لەم حەوزەی شیعرییەوە زمان دێتە بون و گەشە دەکات، کەواتە زمان لە شیعرەوە دەبێتە ناسنامەی گەلان و نەتەوەکان.

‎شیعر وەزیفەی پاراستن و گەشەپێدانی زمانە پێش دەربڕینی شعریانەی نەستی شاعیر دەکرێ لە زمانی کوردیدا قۆناغەکان دیاری بکەین بە تایبەت قۆناغی پێش نالی و قۆناغی دوای نالی، ئەگەر پێش نالی زمان و شیعر درێژکراوەی هەمان ئەدەبی عەربی و فارسی و تورکی بو بێت و دەرهاویشتەی ئەو شیعرانە بو بێت ئەوا لە نالیدا و لە کلاسیکی سەرەتادا زمانی کوردی دەبێت بە زمانی شیعری نوسراو ، لە پەنای ئەمەدا زمانی شیعری گشتی و لادێ و فۆلکلۆر زمانی کوردی بوە، کە بە شێوەی چیرۆک و پەند و داستان وتراوە ، بەڵام ئەدەبی نوسراوی کوردی لە نالییەوە دەست پێ دەکات ( خۆ کوردییە، خۆ کردییە) دواتر لە شاعیرەکانی تردا گەشەدەکات ( وەفایی و سالم و کوردی و بێکەس و قانع و موفتی، ئەحمەد موختار جاف و… هتد) دواتر بۆ کلاسیکی نوێ کە پیرەمێرد دەبێتە تۆپ تێیدا و پاشان لای هێمن موکریانی و هەژار و موکریانی و مەستورە و هتد ، پاشان لە قۆناغی ڕوانگە گۆران دەبێتە دایکی زمانی شیعری دەچێتە ناو شیعری سەربەستیشەوە، لێرەوە شێرکۆ وەک داهێنەرێکی گەورە دەردەکەوێ و هەندێ شاعیری تری ڕوانگە لەوانە پەشێو و لەتیف هەڵمەت، بە هەمان شێوە لە کرمانجیشدا لە ئەحمەدی خانی و مەم و زینەوە دەست پێ دەکات، هەمو ئەمانەی باسمان کرد وەک شیعر کە زمان دەپارێزن هاوشان لەگەڵ زمانناسەکانی وەک سەجادی هەمبانە بورینەی هەژار هەوڵەکانی مودەڕیس و قۆناغ بە قۆناغ پەرە بە زمانی کوردی دەدەن تا دەگاتە قۆناغی شیعری سەربەست و دواتر ڕەهەندییەکان.

‎لە یادی زمانی دایکدا دەکرێ بابەتی زانستی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا بە تایبەت کۆلیژی زمان و زمانی کوردی زۆرترین لێکۆڵینەوەی زانستی بەرهەم بهێنرێت، بە تایبەتی تر ئاستەکانی زمان و پەیوەندی دیالەکتیکی نێوان شیعر و زمان، وە کارکردن بۆ بە ستانداردکردنی زمان و زمانی یەکگرتوی دەوڵەت، تا ئێستا ناوەندێکی فەرمی گەورە نیە کە وەک تاقیگەیەکی زانستی پەیوەندار بێت بە کێشەکانی زمان و بە ستاندارد کردنی زمانی خوێندن و دەوڵەت.

‎ئەوەی لەم یادەدا بینرا هیچ زیادەیەکی نەخستە سەر زمان و زمانی کوردی جگە لە هەمان ئەو بابەتانەی کە چەند ساڵێکە دەوترێتەوە، لە قۆناغی ڕەهەندییەکانەوە چەند هەوڵێک نەبێ وەک پێویستی ئاستی زمان هیچی ئەوتۆ بۆ زمان نەکراوە ئەگەر چی هەوڵی تاکەکەسی ناوازە هەیە، بەدەر لەمەش لە کۆڕ و سیمینارەکاندا لە تایتڵەوە تا دەگاتە خوێندنەوەی هەندێ شیعر بە هەڵە و بگرە دروشمەکان هێندە بۆ بابەتێکی فۆلکلۆری گونجاوە هێندە بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر زمان گونجاو نیە، تا ئەو ئاستەی وەک ئەوەی ناونیشانی ئاسنگەرێک بە دوکانی کەبابخانەیەکدا هەڵبواسی، زۆربەی بابەتەکان قسەکردن بوە لەسەر زمان نەک زمانی کوردی بۆ نمونە (فۆنۆلۆژی و مۆرفۆلۆژی و سیمانتیک، فیلۆلۆجیا، فینۆمینۆلوژی) کە دەکرا لە ئاستی دەوڵەتدا گەورەترین پەیمانگای زاستی زمانی کوردی هەبوایە کار بۆ بنەماکانی زمان بکرایە، بە نمونە پاکردنەوەی زمانی کوردی لە بەکارهێنانی زمانەکانی تر، یان بە کوردی کردنی هەندێ وشەی زمانەکانی تر، لەسەرو هەموشیانەوە کێشەی ڕێنوسی کوردی.

بۆ ئەم بابەتە
‎سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتوە:

‎شیعر ژیان ڕزگار دەکات، ڕسوڵ سوڵتانی
‎شیعری زمان، حەمە سەعید حەسەن
‎زمان لەنێوان ململانێی شیعر و فەلسەفەدا
‎مسعود بابایی
‎نالی
(1797 – 1855)
‎از کتاب:
‎مێژووی ئەدەبی کوردی
‎اثر:
‎علاالدین سجادی (1907-1984
‎نالی
(1797 – 1855)
‎ڕۆژی نالی: به‌لاغه‌، وه‌ك باڵاده‌ستیی ئایدیۆلۆژی
‎ڕێبوار سوەیلی
‎ئەم بابەتە بەشێکە لە لێکوڵینەوەیەکی درێژ لەسەر پەیوەندی دیالیکتیکی نێوان شیعر و زمان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP