ئاكار محەمەد - سلێمانی
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە پاش ئەنجامدانی سیمینارێک لە شاری سلێمانی بە ناونیشانی (گرنگیەکانی هونەری یەکتر قبوڵکردن) کەلە لایەن یەکێتی ئافرەتانی کوردستانەوە رێکخرابوو، توێژەری کۆمەڵایەتی (دکتۆر بەختیار کەمال تاڵەبانی) پێشکەشی کرد.
لەپاش تەواو بونی سیمینارەكەش، د. بەختیار تاڵەبانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە هەرێم نیوزی راگەیاند، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قبوڵ نەکردنی یەکتری و رەفزکردنی یەکتر لەناو خێزانەکاندا زیاتر دەبێت.
وتیشی، ئەگەر کار لەسەر هونەری یەکتر قبوڵکردن نەکەین لە داهاتودا ماڵەکان وەک هۆتێلیان لێدێت و خێزانەکان بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچن.
باسی لەوەشكرد، یەکتر قبوڵ نەکردن لەناو کوردستانی ئێمەدا وەک کلتورێکی لێهاتوە و لە زۆربەی فاکتەرەکانی ژیاندا هەوڵی شکاندن و کێبڕکێی یەکتری دەدەین و تەمەننا دەکەم ئەم کلتورە خراپە لە سیاسیەکان و پەرلەمان و حوکمەت و وەزارەتەکان تا دەگاتە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی نەمێنێت و کار لەسەر هونەری یەکتر قبوڵکردن بکەین .