دواین هەواڵ

ئابوری‌

 22/02/2023

بانکی ناوەندی کۆمەڵێک ڕێکاری نوێی بەرامبەر بە دۆلار گرتەبەر

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق، وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ژمارەیەک رێکاری نوێی راگەیاند کە دەبنە بەشی دووەمی رێکارەکانی.

لەو رێکارانەی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندوون، رێکخستنی پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چین بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بە بەکارهێنانی دراوی یوانی چینی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دواتر ئاسانکاریی دیکە بۆ ناردنی پارە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا بەهەمان میکانیزم دەخرێتەڕوو.

بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بەڵگەنامانەی داوا دەکرێن بۆ حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوە برییتی دەبن لە لیستی بازرگانی (پسوولە)، یان بەڵگەنامەی بانکی، بەو مەرجەی بریکارەکە دواتر بەڵگەنامەی پێویست پێشکێش بە بانک بکات کە کاڵاکەی هێناوەتە نێو عێراق.

هەروەها ئاسانکاری بۆ بریکارەکانی کۆمپانیاکانی ناردنی پارە دەکرێت وەکو (وێستێرن یونیون و مۆنیگرام)، لە یەکێک لە بانکەکانی عێراق.

خاڵێکی دیکەی رێکارەکان، رێگەدانە بەهەر هاووڵاتییەکی عێراقی لە مانگێکدا بڕی 7500 دۆلار وەکو زۆرترین بڕ لە رێگەی کۆمپانیاکانی حەواڵەکردنەوە، حەواڵە بکات، ئەوەش بە نرخی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک. بانکی ناوەندی لای خۆیەوە دۆلار بەو نرخە بەو کۆمپانیایانە دەفرۆشێت. بۆ ئەو مەبەستەش بانکی ناوەندی لیستی بریکارە باوەڕپێکراوەکان بڵاودەکاتەوە.
بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە کە شوێنەکانی فرۆشتنی دۆلار لە شارەکاندا زیاد دەکەن و هەوڵ دەدەن لە زۆرترین شارەکاندا هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP