هەرێم نیوز
یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێل رێکەوتون بۆ پێدانی ئۆتۆمبێل بە مامۆستایان بەپێشەکی کەم و قیستی درێژخایەن.
سەنگەر فایەق، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە میدیاکانى ڕاگەیاندووە، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ كۆمپانیای باجگر و بانکی جیهاندا واژۆکردوە بۆ ئەوەی مامۆستایان بتوانن ئۆتۆمبێلەكانی جۆری جێلیین (جۆری قەمەرەو ئۆتۆمبێلی بەرز) بەشێوەی قیست رابکێشن، کە نرخی ئۆتۆمبێلەکانیش لە کۆمپانیا 1000 دۆلار لە نرخی فرۆشتنی فەرمی هەرزانترن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر کەسێک بیەوێت ئۆتۆمبێل بە قیست رابکێشێت ئەگەر نرخی ئۆتۆمبێلەکە لە 10 هەزار دۆلار زیاتر بێت، پێویست دەکات تاپۆی خانو دابنێت تا قیستەکانی تەواو دەکات، بەڵام لەو رێککەوتنەی کە یەکێتی مامۆستایان لەگەڵ كۆمپانیای باجگر و بانکی جیهاندا ئەنجامیداوە ئەگەر نرخی ئۆتۆمبێلەکان بگاتە 20 هەزار دۆلاریش، بۆ مامۆستایان تاپۆی ناوێت و تەنها دو کەفیلی پێویست دەبێت.
بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی مامۆستایان و کۆمپانیاکە، مامۆستایانی لقی سلێمانی، هەولێر و دهۆک بەشێوەیەكی كاتی و بۆ ماوەی سێ مانگ ئۆتۆمبێلی هەرزانتر و بەشێوەی قەرز و قیست دەتوانن بکڕن، ماوەی قیستەکەش پێنج ساڵ دەبێت، یەکێک لە مەرجەکانیش ئەوەیە مامۆستاکە موچەی لە یەك ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و دو مامۆستاش كەفیلی بن کە موچەی هەردوكیان پێكەوە لە یەك ملیۆن و 600 هەزار تاوەكو سەروی دو ملیۆن دینار بێت.
بەگوێرەی جۆر و نرخی ئۆتۆمبێلەکەش قیستەکان دەگۆڕێن، بەجۆرێک پێشەکی ئۆتۆمبێلەکان لە سێ هەزار تاوەکو 10 هەزار دۆلار دەبێت، قیستەکانیش مانگانە لە 280 دۆلار بۆ 420 دۆلار دەبێت.