هەرێم نیوز
سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری ژمارەیەک وەزیری حکومەتی عێراق، گەیشتە شاری موسڵ و بریارە سەردانى چەند پرۆژەیەک بکات و لەگەڵ بەرپرسانى شارەکە کۆببێتەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق گەیشتە شاری موسڵ و لە باڵەخانەی پارێزگای نەینەوا لەلایەن نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا و بەرپرسانی دیکە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەو پارێزگایە پێشوازی لێکرا.
بەپێی زانیارییەکان، دواتر سەرۆک کۆمار سەردانی خانەیەکی بێسەرپەرشتان دەکات؛ هەروەها سەردانی زانکۆی موسڵ و کتێبخانەی ناوەندی دەکات. بڕیاریشە کاتژمێر 03:30 خولەکی دوای نیوەڕۆ لە هۆڵی کۆشکی سپی لەگەڵ پەرلەمانتار، وەزیر، سەرۆک هۆز و کەسایەتییەکانی پارێزگای نەینەوا کۆبێتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند، "لە شاری موسڵین لەنێو کەسوکارەکەمان بۆ گوێگرتن لە کێشەکانیان و ئاگاداربوون لە دۆخی شارەکە کە بەهۆی تیرۆری داعشەوە کۆژانی زۆری چەشتووە. داعش هەوڵیدا ناسنامەی فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە تێکبدات."
ئاماژەى بەوەشکردوە، "لەگەڵ لایەنە حکومییەکان کاردەکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی شاری موسڵ و تەواوکردنی پرۆژەکان و بووژاندنەوەی گوزەران و خزمەتگوزاریی خەڵکە رێزدارەکەی."