هەرێم نیوز
وتەبێژی پۆلیسی سنور، ڕایدەگەیەنێت، ئەو لینکانەی بڵاوکراونەتەوە، گوایە تایبەتن بە پڕکردنەوەی فۆرم بۆ پۆلیسی پاسەوانی سنور هیچیان ڕاست نین.
حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی هێزەکانی پۆلیسی سنور بۆ فەرماندەیی ناوچەی 1، بەڵام هێشتا هیچ ڕێنماییەکی دەرنەکردوە، کەچی لینک بۆ خۆتۆمارکردن لە وێبسایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، هەندێک لەو لینکانەش لەلایەن خودی پلەکانی سنورەوە بڵاوکراونەتەوە.
عەقید کاروان خۆشناو، وتەبێژی ناوچەی 1ی پۆلیسی پاسەوانی سنور بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندوه، "ئەو لینکانەی بڵاوکراونەتەوە، گوایە تایبەتن بە پڕکردنەوەی فۆرم بۆ پۆلیسی پاسەوانی سنور هیچیان ڕاست نین".
ئەو لینکەی لە وێبسایتی ( وەزارەتی ناوخۆی عێراق_ئیدارەی خۆبەخت کردن) بڵاوکراوەتەوە، گوایە تایبەتە بە ناو تۆمارکردن بۆ پۆلیسی پاسەوانی سنوری هەرێمی كوردستان، تا کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی دوێنێ شەممە 11 ملیۆن و 64 ههزار و 468 كهس سەردانی سەرجەم بەشەکانیان كردوه و 348 ههزار و 494 کەسیش سەردانی بەشە کوردییەکەیان کردوە.
بەپێی وتەی ئەو فەرماندانەی پۆلیسی سنور، حکومەتی عێراق تەنها ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی هێزی پۆلیسی پاسەوانی سنور بۆ هەرێمی كوردستان، هێشتا هیچ ڕێنماییەکی پێشکەش نەکردوە، لە بارەی ژمارەی هێزەکە و وردەکاری وەرگرتنەکەوە.
فەرماندەیەکی پۆلیسی پاسەوانی سنور لە فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوری ناوچەی 1، وتی، "زانیارییەکی وا بە ئێمە گەیشتوە، گوایە سێ هەزار پۆلیس بۆ سنورەکانی هەرێم دادەمەزرێنرێن، 1500 پۆلیسی بۆ سنوری هەولێر و 1500 پۆلیسەکەی تر بۆ سلێمانی".
لە بەشێک لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، گوایە حکومەتی عێراق دو لیوای پۆلیسی سنور بۆ پاراستنی سنورەکانی هەرێم پێکدەهێنێت، کە بە پێی ستاندارداری سەربازی، لیوایەک لە 3 هەزار سەرباز پێکدێت، بەڵام عەقید کاروان خۆشناو دەڵێت، "هێشتا هیچ ڕێنماییەک نەهاتوە، هیچ نازانین لەبارەی ژمارەی ئەو هێزەی بۆ پۆلیسی پاسەوانی سنور پێکدەهێنرێت، چاوەڕوانی ڕێنمایی وەزارەتی ناوخۆی عێراقین".
تەنانەت وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی ڕون نەکردوەتەوە، ئەو کەسانەی ناو تۆمارکردن بۆ پۆلیسی پاسەوانی سنورەکانی هەرێم دەیانگرێتەوە، مەرجە دانیشتوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بن، یاخود دانیشتوانی ناوچەکانی تری عێراقیش مافی ناو تۆمارکردنیان هەیە.
8ی ئهم مانگه، لیوا سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، "ناو تۆمارکردن بۆ پۆلیسی پاراستنی سنورەکانی هەرێم، تەنها دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".
وەک عەقید کاروان خۆشناوی وتەبێژی پۆلیسی پاسەوانی سنوری ناوچەی 1، دەڵێت، "دواتر لیوا سەعد لێدوانێکی تری داوە، گوایە خۆ تۆمارکردن هەمو هاوڵاتییانی عێراق دەگرێتەوە، بۆیە ئێمەش چاوەڕێی ڕێنمایین".
ئەو سێ لیوایەی پاسەوانی سنور کە ئێستا سنورەکانی هەرێم دەپارێزن، لیوای 3ی سلێمانی، 101 مەخفەری هەیە، لە سنوری خانەقینەوە بە درێژایی نزیکەی 528 کیلۆمەتر تا سنوری قەندیل دەپارێزێت، لیوای 2ی هەولێر و لیوای 3ی دهۆکیش، پارێزگاری لە ناوچە سنورییەکانی قەندیل تا سنوری سوریا دەکەن، بەپێی وتەی فەرماندەکانی پۆلیسی سنور، سنورەکانیان فراوانە و ژمارەی هێزی پێویستیان نیە.