دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 24/11/2022

ئایا تورکیا "ئۆپەراسیۆنی زەمینی" لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێدەکات؟

هەرێم نیوز

دوای ئەوەی هێزی ئاسمانی تورکیا لە 20ی ئەم مانگە هێرشی کردە سەر پێگەکانی یەپەگە، میدیا و شارەزایانی تورکیا قسە و باسیان لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان وروژاند.

ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکە ناوی "چنگ-شمشێر"ی لێنراوە، ئەوەش دوای هەفتەیەک لە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ هات کە شەش کوژراو و دەیان برینداری لێکەوتەوە. و حکومەتی تورکیاشهێزە کوردییەکانی تۆمەتبار کرد، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردەوە دەستیان لەو کردە تیرۆرستیەدا هەبێت.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ٢١ی ئەم مانگە ڕایگەیاند، کردەوە سەربازییەکانی تورکیا "تەنها بە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی سنووردار نابێت".
هەروەها لە 22ی تشرینی دووەمدا سوێندی خوارد "بە زووترین کات هەموو [توخمە تیرۆریستییەکان لە باکووری سوریا] بە تانک و سەربازە شەڕکەرەکانیانەوە بنبڕ بکات".

لێدوانەکانی ئەردۆغان بووە هۆی ئەوەی کە میدیاکانی لایەنگری حکومەت زیاتر باس لە ئۆپەراسیۆنە زەمینییە چاوەڕوانکراوەکە بکەن.
لە ٢٢ی ئەم مانگەدا، لە مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامەی سەباحدا هاتووە "ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە دڵی تیرۆردا".

لە مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامەی یەنی ئاکیتدا هاتووە: "ئێمە لە ئاسماندا تەقە دەکەین و زەوی پاک دەکەینەوە".

ڕۆژی 21ی ئەم مانگە لە ژێرنووسی بەرنامەی دیبەیت لە کەناڵی هەواڵی (ئیک خەبەر)ی لایەنگری حکومەتدا هاتبوو، "درەنگ یان زوو پێنجەمین ئۆپەراسیۆن لە سوریا ئەنجام دەدرێت".

ئیسماعیل حەقی پێکین، بەرپرسی پێشووی هەواڵگری سەربازی تورکیا لە بەرنامەکەدا ڕایگەیاندووە، پێویستە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان بە هێرشی ئاسمانی پەیڕەو بکرێن، هەروەها یەپەگە لە ناوچەکانی تەل ڕیفات و کۆبانی لە باکووری سووریا بکشێتەوە.

هاندە فیرات، ڕۆژنامەوان لەستوونی حورییەت نوسیویەتی کۆبانی لەژێر داگیرکاری تیرۆریستیدایە، بۆیە هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپخانەکان دەیکەنە ئامانج".
فیرات وتی: تورکیا ناوچە پارێزراوەکان بەدرێژایی سنوورەکانی فراوانتر دەکات.

هەموو بۆشاییەکان [ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی یەپەگە] لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە پڕدەکرێنەوە."

ڕۆژننامەوان، حەسەن بەسری یالچین، لە 22ی ئەم مانگەدا نووسیویەتی، دوایین لێدوانی ئەردۆغان هاوشێوەی ئەو لێدوانانەیە کە بەر لە هێرشەکانی پێشووی داویەتی، بۆیە ئەگەری هێرشکردن زۆرە.

لەلایەکی دیکەوە، دۆڵات باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی هاوپەیمانی حکومەت، لە 22ی ئەم مانگەدا بە ئەندامانی پەرلەمانی پارتەکەی ڕاگەیاندووە، هیوادارە هێرشی ئاسمانی "بە پاڵپشتی هێزە زەمینییەکان" بەزوترین کات ئەنجامبدرێت.

پاڵپشتی بۆ ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەکەی تورکیا لەناوخۆدا زیاتر بووە، هەواڵەکان لەناوخۆدا زیاتر دەنگدانەوەی ئەو دەنگە بە جۆش و خرۆشانە بوو کە داوای ئۆپەراسیۆنی زەمینی نوێیان دەکرد، ئەمە جگە لەوەی کە هەندێک کەسیش سەربەخۆیانە ڕەخنەیان لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپڕاسیۆنە دەربڕی.

ماڵپەڕی هەواڵی سەربەخۆی میدیاسکۆپ ئاماژەی بەوە داوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و باڵیۆزی ڕووسیا لە دیمەشق هەردووکیان بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و هۆشدارییان داوە لە ئۆپراسیۆنە بەرفراوانەکەی تورکیا و ئەو لێدوانانەیان بە " مەترسیدار " ناوبرد.

ڕۆژنامە چەپەکانی ئۆپۆزسیۆنیش، ڕەخنەیان لە زیادبوونی کردەوەکانی تورکیا لە سوریا گرتووە و دەڵێن، ئەردۆغان بەدوای ئەوەدایە سەرکەوتنە سەربازییەکانی باکووری سوریا بەکاربهێنێت بۆ بەهێزبوون و زۆربوونی دەنگەکانی له هەڵبژاردنەکاندا.

هەرچی سەبارەت بە (هەدەپە)یە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و حکومەتی تۆمەتبار کرد بەوەی تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵی وەک بیانوویەک بۆ بەئامانجگرتنی باکووری سوریا بەکارهێناوە بەبێ ئەوەی "ڕاستییەکانی" پشت ئەو هێرشە کوشندەیە دەربخات.

پارتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوپەیمانی حکومەت و پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی "سیاسەتی شەڕیان بۆ پاراستنی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکەی خۆیان پەیڕەو کردووە".

وەرگێڕان - خالید کاوە



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP