دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

عێراق لە دژی هێرشەکانی ئێران و تورکیا ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد

هەرێم نیوز

لەبارەی ده‌ستدرێژی و په‌لاماره‌كانی وڵاتانی ئێران و توركیا بۆ سه‌ر سنووره‌كانی عێراق و تۆپباران و بۆردومانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژمارەیەک بڕیار دەرکرا.

به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك ئه‌ركانی پێشمه‌رگه‌، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق، به‌ سه‌رۆكایه‌تی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی كۆبووه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت كرابوو، به‌ تاوتوێكردنی ده‌ستدرێژی و په‌لاماره‌كانی وڵاتانی ئێران و توركیا بۆ سه‌ر سنووره‌كانی عێراق و تۆپباران و بۆردومانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ بووه‌ته‌ هۆی نانه‌وه‌ی پشێوی و ترس له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان و زیانی به‌ گیان و سامانی هاووڵاتیان گه‌یاندووه‌.

لیوا یه‌حیا ره‌سووڵ، وتەبێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، رایگه‌یاند، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كاندا بۆ راگرتنی ئه‌و په‌لامارانه‌ و به‌رده‌وامیدان به‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماتییه‌كان، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد. له‌وانه‌:

یه‌كه‌م: دانانی پلانێك بۆ دووباره‌ بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور به‌ مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی خاڵی سفر به‌ درێژایی سنووره‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ئێران.

دووه‌م: دابینكردنی هه‌موو پێداویستییه‌ لۆجستییه‌كانی فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی پاراستنی سنوور و به‌هێزكردنی توانای مرۆیی و دابینكردنی دارایی پێویست و پشتیوانیكردنیان به‌ كه‌رسته‌ و چه‌كی پێویست، كه‌ بتوانن له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.

سێیه‌م: وه‌زاره‌تی ناوخۆ، توانای مرۆیی زیاتر به‌رده‌ست بخات بۆ به‌هێزكردنی بنكه‌كانی سنوور.

چواره‌م: هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكرێت بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی یه‌ك و دووی سه‌ره‌وه‌، به‌ ئامانجی یه‌كخستنی هه‌وڵه‌ نیشتمانییه‌كان بۆ پارێزگاریكردن له‌ سنووری عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP