دواین هەواڵ

جیهان‌

 30/09/2022

تەقینەوەیەکی گەورە قوتابخانەیەکی ئەفغانستان دەکاتە ئامانج

هەرێم نیوز

تەقینەوەیەکی گەورە ئەفغانستان دەهەژێنێنت و پۆلیسی ئه‌فغانستان ئاشكرای کرد، له‌ ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كه‌ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی قوتابخانه‌یه‌ك له‌ شاری كابوولی پایته‌خت به‌لایه‌نی كه‌م 70 كه‌س كوژران و بریندار بوون.

پۆلیسی ئه‌فغانستان ڕایگه‌یاند: ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كه‌ له‌ قوتابخانه‌ی كاج له‌ گه‌ڕه‌كی ده‌شتی باراچی كه‌ زۆرینه‌یان كه‌مینه‌ی هه‌زاره‌ی شیعه‌ مه‌زهه‌بن له‌ ڕۆژئاوای شاری كابوول ڕوویداوه‌،

ڕاشیگه‌یاند: ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ كاتێكدا ڕوویداوه‌ كه‌ قوتابییان سه‌رقاڵی تاقیكردنه‌وه‌ بوون به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنیان له‌ قوتابخانه‌كه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌كانی شاری كابوول له‌ ڕۆژانی هه‌ینیدا پشووه‌.

پۆلیسی ئه‌فغانستان له‌باره‌ی ئاماری قوربانییه‌كان ڕایگه‌یاند: دوایین ئاماره‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ ژماره‌ی كوژراوه‌كان بریتین له‌ 32 كه‌س و هه‌روه‌ها برینداربوونی 40 كه‌سی تر.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌ زۆربه‌ی ڕۆژه‌كانی هه‌ینیدا و له‌ مزگه‌وت و شوێنه‌ گشتییه‌كان ته‌قینه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانستان به‌تایبه‌تیش له‌ شاری كابوولی پایته‌خت ڕوو ده‌دات و له‌ ماوه‌ی ڕابردووشدا ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش به‌رپرسیاره‌تی سه‌رجه‌م ته‌قینه‌وه‌كانیان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ.

هه‌فته‌ی ڕابردووش له‌ ڕۆژی هه‌ینیدا له‌ كاتی نوێژی به‌ كۆمه‌ڵدا ته‌قینه‌وه‌ له‌ مزگه‌وتی وه‌زیر ئه‌كبه‌ر خان له‌ ناوه‌ڕاستی شاری كابوول ڕووی دا به‌هۆیه‌وه‌‌ 3 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا‌ و 28ی تریش بریندار بوون.






Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP