هەرێم نیوز
راوێژکاری ئابووریی سەرۆکی ئۆکراینا ڕایدەگەیەنێت، کۆی ئەو زیانە ئابووریانەی بەهۆى هێرشی روسیا بەر ئۆکراینا کەوتوون گەیشتووەتە نزیکەی 1 ترلیۆن دۆلار.
ئۆلیگ ئۆستینکۆ، راوێژکاری ئابووریی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی پێنجشەممە 22-09-2022 رایگەیاند، بە تێچووە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانەوە، قەبارەی زیانەکانی هێرشی رووسیا بۆ سەر وڵاتەکەیان گەیشتووەتە نزیکەی 1 ترلیۆن دۆلار.
دەشڵێت، ئەو بڕە پێنج هێندەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی ساڵانەی ئۆکراینایە پێش هێرشی رووسیا.
پێشتر ئەو بەرپرسە رایگەیاندبوو، کۆی قەبارەی زیانە ئابوورییەکانی ئۆکراینا لە دوو هەفتەی هێرشی رووسیادا گەیشتوونەتە نزیکەی 100 ملیار دۆلار و دەشڵێت، وێرانکاری و ئاوارەبوون بەهۆی جەنگەکەوە ئاستەنگێکی "گەورە"ی لەبەردەم خەرجییەکانی حکومەت دروستکردووە.
راوێژکاری ئابووریی زیلینسکی باس لەوەش دەکات، بەشێک لەو کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییانەی بەهۆی هێرشی رووسیاوە زیانیان پێنەگەیشتووە، "بەوپەڕی توانایانەوە کار ناکەن، یاخود تەنیا چەند کاژێرێک لە رۆژێکدا کار دەکەن". گوتیشی، "ئەمە بەو واتایە دێت کە بەراورد بە پێشبینییەکانی پێشوو، داهاتی کەمتر بۆ بودجە دەڕوات".
ئۆلیگ ئۆستینکۆ لەبارەی کورتهێنانی بودجەی ئۆکرایناشەوە دەڵێت، سەرەڕای کەمکردنەوەی بەرچاوی خەرجییەکان لە لایەن حکومەتی ئۆکرایناوە، بەڵام لە دوای دەستپێکی هێرشی رووسیاوە لە 24ـی شوباتی ئەمساڵدا، کورتهێنانی بودجەی حکومەت لە هەر مانگێکدا دەگاتە 5 ملیار یۆرۆ، کە دەکاتە زیاتر لە 4 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار.
ئەو راوێژکارە دەشڵێت، حکومەت پێشبینی دەکات لە ساڵی 2023ـدا بڕی کورتهێنانی بودجەی مانگانە بۆ نزیکەی 3 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ دابەزێت.
لەبارەی پاشەکشەی ئابووریشەوە ئۆستینکۆ دەڵێت، حکومەتی ئۆکراینا پێشبینیدەکات لە ساڵی 2022ـدا ئابووریی ئۆکراینا بە رێژەی 35٪ بۆ 40٪ پاشەکشە بکات و دەشڵێت، لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنی ئۆکراینا لە ساڵی 1991ـەوە، "ئەمە گەورەترین پاشەکشەی ئابوورییە ئۆکراینا ئەزموونی کردبێت".