دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پێشنیازەکەی تاران لە گیرفانی نێردراوەکانی تڕەمپدا؛ بۆچی ئەمریکا بە مەرجەکانی ئێران ڕازی نییە؟

هەرێم نیوز

لە نوێترین پێشهاتی دیپلۆماسیدا، ماڵپەڕی هەواڵیی «ئاکسیۆس» (Axios) ئاشکرای کرد کە ئەمریکا ئێرانی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی تاران کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز ناکات و لەو پێگەیەدا نییە مەرج بۆ دووبارە کردنەوەی دابنێت؛

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی چاوەڕوانی وەڵامی کۆتایی دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە لەسەر پێشنیازێکی نوێ بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان و هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە. ئەم دەستپێشخەرییە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک سەریهەڵدا؛ کاتێک شاندی ئەمریکی بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر لە ڕێگەی نێوەندگیری و پەیامگەیاندنی قەتەرەوە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجام دا.

بەپێی زانیارییەکان، پێشنیازەکەی تاران خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕێڕەوی هورمز بکرێتەوە و گفتوگۆ ئەتۆمییەکان دەستپێبکەنەوە، لە بەرامبەر ئەوەی واشنتن گەمارۆ دەریاییەکەی لەسەر ئێران هەڵبگرێت، سزاکانی فرۆشتنی نەوت لابدات و ڕێککەوتنی ئاگربەست لە ناوچەکەدا کارا بکاتەوە.

لە بەرامبەردا، دانوستانکارانی واشنتن وەڵامی ئێرانیان داوەتەوە کە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی مانگەکانی ڕابردووی ئەمریکاوە توانای تاران بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتییەکان کەمکراوەتەوە و هاتوچۆی تانکەرەکان لەژێر پاراستنی سوپای ئەمریکادا بەردەوامە، بۆیە ئێران ناتوانێت هیچ داواکاری و مەرجێک فەرز بکات.

هاوکات مەسعوود بزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە لە نیویۆرک لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە پڕۆژەپێشنیازەکەی تاران چاوەڕێی "گڵۆپی سەوز"ی تڕەمپە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن هەرچەندە هێشتا زووە بڕیاری کۆتایی یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام هەنگاوی ئەرێنی لە نێوان هەردوولادا لە ئارادایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP